ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری دیاری
١٣. من ڕەشم
من ڕەشم وەکوو کینییا
ئەمرم لە ڕێی ئازادییا
وەکوو ڕنگی شەوێکی ڕەش
یا وڵاتی منی بێ بەش!
وەک جەرگی ئەفریقاکەم
نیشتمانە... بێنەواکەم
ڕەنگم ڕەشە، پێستم ڕەشە
ئەم دەنگە هی قولە ڕەشە: -
جاران کوێلەیەک بووم هەژار
بەر دەرگانەی کۆشکی زۆردار
ماڵی قەیسەرم، ئەماڵی
ژینم بەسەر برد بە تاڵی
من بووم، بۆیاخچیی دوور وەتەن
قۆندەرەکانی واشنتەن
لە کۆشما بوو، هەر منیش بووم
بە هێزی دەماری بازووم
بە عەرەقم، بە خوێنی گیان
بنچینەی کۆشکم هەڵئەسان
هەرەم بناغەی من دامنا
بەردم ئەدا، بەسەر شانما
قوربانی یەک بووم لە کۆنغۆ
بە لەچیکێکان بێ «شەرم و شۆ»
دەستیان، قرتانم، لە بنا
دەستڕۆیشتون لە کوشتنا
ئێستەش لەناو کینیاکەما
لە دارستان و ناو چەما
گوللەبارانم ئەکەن هەر
منی ڕەش، منی دەربەدەر
بەخڕکە بەردی تەکساسیان
کەوتوونە دووم بە بەردباران
زۆر، ڕووبارم دیوە بە خوڕ
لە هاژە هاژا، تاوی گوڕ
نیلی بزورگی دڵنیا
لەناو قووڵی بێدەنگیا
سەرنجی داوم، زۆر بە دڵ
جار جار بۆ من هاتۆتە کوڵ
ئاوی مسیسپیشم دیوە
کە جار جار پێم پێ کەنیوە
یان بە دڵ بۆ من گریاوە
بە گوڕ لافاوی هەستاوە
وەکوو ڕووی ئەو ڕووبارانە
لۆچ لۆچ و پیر بوو ئەم گیانە
برام من ئینسانم، ئینسان
وەکوو ئێوە دەمار و گیان
من ئازادیم ئەوێ هەرگیز
بۆی بەختە گیانی «قول» بەڕیز
من ڕەشم وەکوو کینییا
ئەمرم لە ڕێی ئازادییا
ئەم هەڵبەستە هی بوێژی ئەمریکی «ماک کریا»یە

پەراوێز edit