ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
جەمیلە گیان: سەلمانت بە دڕندە ئیمپریالیزمیە فەڕەنسەییەکان کە دوژمنە گەورەی ڕۆبسپیرن...
ئەی جەمیلە...
سڵاو، لە ئاگر و ژیلە
لە حەیرانا، لە لاووکا
کاتێ کچ لەگەڵ باوکا
هەڵمەت ئەبەن بەرەو مردن
بەرەو قەڵای سەختی دوژمن
لە هێرشی سەرکەوتنا
لە کاتی «بۆ گەل» مردنا
کاتێ لە نزار، لە مەڵبەن
ئەمانسووتێنن بۆ وەتەن
ناوت وەکوو وشەی نەمر
ئەڕژێتە ناو گەرووی ئاگر
ئەی جەمیلە...
سڵاو، لە ئاگر و ژیلە
لەسەر، زنجیرەی گرد، ... چیا
لەو شوێنەدا، مانگ بە تەنیا
ئەنواڕێتە خوێناوی گەش
زامی دڵ ئەگرێتە باوەش
بە تیشکی سووری ئاگرین
با، وێنەی تەورێک بکێشین
وێنەی تەور و دەس و بۆمبا
وێنەی ڕووی جەمیلەی ئازا
با، لە دەربەندەکەی بازیان
کە دوژمنی کورد ئەگریان
لەو شوێنەدا، شوێنی هەرا
کە ئاڵامان «تیا هەڵکرا»
با، لە چیا، لە شیو، لە هەرد
«جەمیلە» بنووسین لە بەرد
وەرن، با بە سروودی ئاڵ
لەگەڵ سۆزی گەرووی شمشاڵ
زیندان بێنینە لەرزە و جۆش
ڕایپەڕێنن شاری خامۆش
***
ئەی باڵندەی هەستم بە گوڕ
بفڕە بۆ ناو، بڵێسە و گڕ
بۆ «جەزایر» خاکی ژیلە
بڵێ بە خوشکە جەمیلە
«سڵاوی گەردەکەی سەیوان»
«سڵاوی گەرمی نیشتمان»
پێشکەش بە تۆ، ئەی کچی لاو
ئەی پەروەردەی گڕ و خوێناو
ئەی جەمیلە...
سڵاو لە ئاگر و ژیلە
لە هەموو شوێنی کوردستان
باسی تۆیە ئەی قارەمان
چونکە کچ و کوڕی ئێمەش
کە، ڕوو، ئەکەنە گڕی گەش
ناترسن وەکوو تۆ ئازان
لە مەرگ و سزا، بێپەروان
«کچەکەی نەغەدە بەخشی»
«بۆ کورد هەر دوو چاوی گەشی»
ئەی کیژۆڵەی بۆمبا هاوێژ
بانگ ئەکەین «زۆرداری خوێنڕێژ»
نەکەی دەس و پەنجەی مردن
«تەور» درێژ کەی بۆ گەردن
«تاوانبار، دانێ، تەورەکەت»
ژێر ناکەوێ هێزی میللەت
ئەی خاکی ئاگر و ژیلە
هەزار سڵاو لە جەمیلە
ئەم هۆنراوەیە لە گۆڤاری «شەفەق»ی ژمارە ٢ی ساڵی ١٩٥٨ی ١٥ی شوباتا بڵاوکرایەوە

پەراوێز edit