ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
لەناو کۆڕنیکای وێرانا
لەژێر، شینایی ئاسمانا
ڕیبوارێک ملی ڕێ، ئەگری
ورد، ورد، ڕێی ژیان ئەبڕێ
بەرخۆلەیەک لە باوەشیا
کۆترێک لە دڵی گەشیا
گۆرانییەک ئەڵێ ئازاد
بۆ گیانی گشت ئادەمیزاد
نەغمەی یاخی بوونێک خاوێن
گۆرانییەک بۆ هەموو شوێن
سروودێکی لێئەبیستی
کە ئەڵێ: «ئەی خۆشەویستی»
سوپاس، سوپاسی بێ پایان
سوپاس «نا» بۆ زۆردارەکان
سرودێک ئەڵێ پڕ ئاوات
بۆ «دنیا» نەک هەر یەک وڵات
زەردەواڵەی ئازار و قین
ئەفڕن بەرەو ئاسمانی شین
هێلانەکەی دڵ جێدێڵن
یەک لە دوای یەک هەڵئەفڕن
تەنیا «تۆوی» گۆرانێکەی
کە پڕە، لە خۆشی و ئۆخەی
ئەمێنێ دوای گشت کارەسات
دوای هەرشتێک بەسەری هات
هەنگوین ئەکاتە ناو دڵان
ئەیکاتە ناو دەمی ژیان
کۆڕنیکا، ئەی کۆڕنیکا گیان
هەر بێ تاوانی بێ گومان
زاڵ ئەبی بەسەر تاوانا
تا کوو ئەبەد لە ژیانا
هۆنراوەی «پۆل ئیلوارە» کراوە بە کوردی - تێ ئەکۆشین بۆ ڕۆژێک کە ئادەمیزاد، ڕەش و سوور و سپی و زەرد یەک دڵ لە سێبەری ئاشتیا بژین...

پەراوێز edit