ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
زامی ئەختەر... .
زامی ژنی وڵات پەروەر
وەک فوارەی نووری هیوا
خوێناوی گەشی هەڵئەدا
هەزاران گیانی ئاگرین
وەک شەپۆلی گڕی بەتین
بەربوونە جەرگی شەوەزەنگ
بوو، بە تەق و تۆقی تفەنگ
بناوانی پەروا ڕما
ئاگر، لە ئارام بەردرا
خەفەتی چەند ساڵەی ژیان
تەقی وەکوو بۆمبای گران
سنگی ئەختەر ئاڵ وەک شەبەق
تێی ورووکا گوللەی ناهەق
چەند جوان بوو، لە جیاتی خشڵ
گەردانەی قەترەی خوێنی دڵ
ئەڵا لە نەرمایی گەردن
شەرمەزار بوو، هێزی مردن
لەسەر لوولەی ڕەشی تفەنگ
«کۆڵنەدان» کردی بە ئاهەنگ
دەلاقەی زامی وەک پشکۆ
بانگی ئەکرد وەتەن بۆ تۆ
بەم چەشنە ئەمرن کچ و کوڕ
بۆ شەوی ژین ئەبن بە گڕ
***
ئەی لاوانی کڵپەی ژیان
لە جیاتی خەفەت و گریان
لەم ڕۆژانەدا بۆ ئەختەر
پەیکەرێک بکەن، لە گەوهەر
لێی بنووسن «سلێمانی»
شاری هەڵمەت و قوربانی
شانازییە بۆ، گەورە و ورد
ژنی وای هەبێ گەلی کورد
***
ئەی ژنی شەهیدی ئازا
کە خوێنی گیانی تۆ ڕژا
گوڵێکی ئەوتۆی پێپشکووت
دڵی هەموو کورد بۆی بزووت
چەنکە گوڵێک بوو، سوور و گەش
پڕ، لە شەونمی تۆڵڵە و خەش
ئەی گوڵی سووری ناسک نێژ
کە بووی بە قوربانی دەسڕێژ
سروودێکمان بۆ گیانت خوێن
پڕ بوو لە قەترەی سووری خوێن
***
ئەختەر ئێستەش چریکەی تۆ
وەک تریشقەی دەمی ئاسۆ
دەنگ ئەداتەوە لەم شوێنە
شوێنێک پڕ لە جۆگەی خوێنە
ڕەنگی برینەکەی لەشت
دڵۆپی خوێناوی گەشت
نەخشن لە کەناری شەقام
هەوێنن بۆ شیعری هیوام
تۆ، لە چاومای ئەی قارەمان
بڕژانگ لە جیاتی ئەرخەوان
چەتری ئەو گیانە پیرۆزەن
سێبەر، بۆ جەستەی تۆ ئەکەن
ئەختەر، لەناو باخی دڵا
لەناو چیمەنی پڕ گوڵا
پەیکەرێکم داناوە بۆت
ئاگری سوورە وەکوو خۆت
لە دڵما، شوانی شمشاڵ ژەن
لە گۆرانیدا، بۆ وەتەن
ناوت دێنێ بەکوڵ، بەسۆز
ناوی پیرۆزت ئەی دڵسۆز
یادت وەکوو زێڕ و گەوهەر
«قەت ژەنگ هەڵنایەنێ ئەختەر»
١٩٥٨ - ژاندارکیان سووتان، «زێڕین»ی کچەکەی شاری نەغەدە، هەردوو چاویان هەڵکۆڵی... ئەختەریش قوڕقومشیان بە سنگیا توانەوە لە ڕێی «ئازادیا»

پەراوێز edit