ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
زامی دڵ بە پەنجەی ژیان
هاتەوە سوێ وەکوو جاران
ئەستێرەکان وەک شووشەی ورد
ڕژابوونە داوێنی پرد
شەپۆل لە باوەشی هەردا
سنگی ئەدا بەسەر بەردا
ڕەنگی خۆڵەمێشیی ئاسمان
لە سەرشانی سێدارەکان
ئەینووسی «ڕۆڵەکانی کورد»
ئاگرێکی وایان خۆش کرد
بڵێسەی لەگەڵ ژیانا
ئەمێنێ لە کوردستانا
لە سەرپردی تەسکی بەردین
دەنگێک هاواری کرد: «کوردین»
ئەیزیڕان: ئەی دوژمن یەک تاو
مۆڵەت بەن بە جگەر سووتاو
با بگەمە لای کوڕەکەم
بۆ دوا جار دەمی ماچ بکەم
کاتێ گەیشتە نزیک کوڕ
لاشەی بێ گیان بوو سارد و سڕ
ڕێیان گرت لە ماچی مردن
هەر لە بەر ئەوەی کوردن

پەراوێز edit