ئاڵەکۆک

سامان سەنگاوی add_a_photo
بۆچی ڕۆیشتی كاتێ ئەتزانی
دەورانی دنیا هەموو دەگۆڕێ
ژیان لە گەمەی خەم و خۆشیدا
بەبێ كێ بڕكێ بە خەم دەدۆڕێ

شیرینی ژیان تامی دەگۆڕێ
بۆ تاڵی و سوێری و هەستێكی ناخۆش
ڕوناكی ژیان لەگەڵ چاوی تۆ
ورد ورد كز دەبێ تا دەبێ خامۆش

وەرزی بەهاری پڕ گوڵ و جوانی
بە وێنەی پایز ڕەنگی ئەنوێنیێ
كۆرپەلەی جەرگ و ڕوناكی ماڵت
گریان لە لانكەی خەما ئەی نوێنێ

تو ئەو خودایەی لەلای میوانی
بۆ تەنها جارێ یادم كەرەوە
دور لە حەقیقەت بۆ ساتێكیش بێ
لە خەودا سەرم لێ بدەرەوە

تا شەوی تاریك بەڕۆژ بگێڕی
بە میوان بون و سەردانی خەوم
پەلكە زێڕینەی خەیاڵ بۆ ساتێ
هەڵكا لە سیمای ئاسمانی شەوم

بۆنی مێخەك و تازە خەنەكەت
تێ بكەم هەتا سەرم مەست ئەبێ
نزای هەردوكمان بۆلای خودابێ
تا شەو درێژ بێ و كۆتایی نەبێ

مەودای ئاسمان و زەوی جەن زۆرە
من هەزار هێندە بیری تۆ دەكەم
ئارەزوی ماچ و نوزە خەوێكی
باوەشی گەرمی پڕ میهرت دەكەم

پەراوێز edit