ئاڵەکۆک

سامان سەنگاوی add_a_photo
من ئەو کوردەم کەوا ئازار
بۆتە بەشێک لە ژیانم
خەمی وڵات و ئازادی
وەک ئاگر سوتانی گیانم
هەزار ئازاری سەختم چەشت
مەینەتیم هەر دوایی نەبوو
یەخەی سەد پایزم گرت و
بەهارێکی لێ شین نەبوو

چاوی ئەم نیشتمانەی من
هۆن هۆن مرۆی هەڵوەریوە
نە وشک ئەبێ و نە بەرهەمی
بەختەوەری لێ چنیوە

وەرن گەلان زامی سەختم
وا خوێناوی لێ ئەچۆڕێ
بستێ خاکم پێ شک نایە
لێیان نەکردبم بە گۆڕێ


ئاخر چەن هەزار مرۆڤم
لە گەرمیانۆ پەلکێش کران
لە بیابانی وشک و زەردا خنکێنران
مناڵ و لاو پیر و جەوان
سەرلەبەریان قڕ کراون
ورد و درشتیان بە ڕۆحۆ
لەناو گۆڕی تار نراون
هەرچیش مابوو یان بە گولە
یان دەرخواردی سەگ دراون


چەن هەزار مرۆڤی جوانم
لەهەڵەبجەی هێرۆشی ما
لە ئامێزی پڕ لەسۆزی یەکتریدا
بە بۆن سێو خەوێنراون

ئەی ئەو هەزارانەی ترم
کە بەناوی شەڕی ناو خۆ و
خەباتی سنوری قۆڕ و
بە سیاسەتێکی بۆگەن
لە خوێنیاندا سور کراون

ئەی ئەو لاوانەی کە ئێستا
بە دەستی هاو زمانی خۆی
لە خاکی عەرەبستاندا
بە چەقۆی کول سەر بڕاون

هەمووی تنۆکی فرمێسکی
ئەم نیشتمانی دایکەیە و
هەڵوەریوە
ئەو دایکەی کە بۆ ساتێکیش
خۆشی ڕۆڵەی خۆی نەدیوە

ئەی نیشتمان من پێت ئەڵێم
ئەو ڕؤڵانەی لە ئامێزتان
پێیان بڵێ
بۆ دیوانی خوا سەفەر کەن
بە مۆری خوێنی ڕژاوتان
ڕوی سەبەب کارانیان ڕەش کەن

پەراوێز edit