ئاڵەکۆک

سامان سەنگاوی add_a_photo
چەندە پێم خۆشە بەیانیان زوو
پێش خۆر خۆم بدەم لە كوڵمەكانت
بەیانی باش و ماچێكی گەردن
دیاریم بێ لە بۆ گشت ڕۆژەكانت

هەر وەكو شەونم لەسەر گوڵی
ڕوت بمێنمەوە تا ئەتوێمەوە
وشەی خۆشمەوێی بە هەزاران جار
بە خەندە و چرپە بۆت بڵێمەوە

من وەكو شەماڵ بە ئاواتەوەم
فێنكایی بم بۆ گەرو و ناخت
لەگەڵ خۆم بیبەم هەموو ناخۆشیت
بەس گوڵی جوان بێ دیمەنی باخت

‎خۆزگە ئەم توانی چی شەویش هەیە
‎پەلكە زێڕینەی شادی تیا هەڵكەم ‎
دەستی ناسك و نەرمۆڵەت بگرم
‎بۆ باخی جوانی گشت دنیات ببەم

‎هەردەم بە هیوای ساتێكی وابووم
‎بتبەمە لوتكەی گشت كامەرانی
‎خەندەی لێوانت هەمیشەیی بێ و
‎قەت لێت ون نەبێ وا بە ئاسانی

‎وشەی پێنوسم گوڵی ڕەنگین بێ
‎بۆ تێڕوانین و نیگای چاوانت
‎زاخاوی مێشكی ماندوی تۆ بكا
‎تێكەڵ بێ لەگەڵ گشت خەونەكانت

من و فریشتەی ئارامی خودا
‎كێ بڕكێمان بێ بۆ شادمانیت
‎چونكە تاكو هەم هەر تۆ شازادە و
‎مژدە هێنەری گشت كامەرانیت

‎چەن خۆشە جارێ زاری شیرینت
‎بڵێ ئەم شیعرە جوان و پاراوە
‎چونكە دیمەنی ڕوخساری منت
‎زۆر بە سادەیی بە سەریا داوە

پەراوێز edit