ئاڵەکۆک

خۆشناو add_a_photo
ڕۆژ نییە یادت بە سەرما، نەیەت و سەودا نەکەم
یادی خەندە و پێکەنینت، لە شەو و خەو دا نەکەم

تۆ لە ناو دڵما گونجاوی، تێکەڵاوی خوێنمی
تۆ دڵ و جەرگ و هەناوی، چۆن دەبێ من وا نەکەم؟

خاتوونی هەڵبەست و شێعرم، ئەی پەری ڕۆژ و شەوم
بۆ زام و برینی جەستەم، مەڵحەم و هەتوانەکەم

ڕۆژێ سەد جاران بە قوربانی هەناسەی گەرمی تۆم
چۆن دەتوانم خۆم فیدای، ئەو قەدی وەک ڕەعنا نەکەم؟

با ئەسپی خەیاڵم تاو دەم، بێ ووچان بێمە حوزوور
بۆ جارێکیش بێ نازەنینم، زوڵفی لوولت شانە کەم

ئاگری عیشقت دەهاوێ، گڕ بۆ دڵی پڕ هەستی من
هەر لە دەورت دەگەڕێم، تۆ شەمع و من پەروانەکەم

ڕۆژێ جارێکی ئەجەل دێ، گەر دەبینێ عاشقی تۆم
خۆی ئەدا مەودا بە عومرم، تا تەرکی دونیا نەکەم

لەیلە ئاسا من دەکووژی، خۆ بە ناز و عیشوەکەت
ناحەقە گەر نەبمە مەجنوون، خۆ شێت و شەیدا نەکەم

بوومە خوێندکاری ئەوینت، بمخەرە ژێر دەستی خۆت
لەو قوتابخانەی عەشق دا، شێعر و بەستە و وانەکەم

گەر تو ببیە دڵبەرم، ئەمنیش دەڵێم: تاجی سەرم
با گەداش تاجی لە سەر کا، بۆ منیش وەک شا نەکەم؟

پێم دەڵێن: ئەوڕۆکە'خۆشناو' شێعری تەڕ باوی نەما
عەهد و پەیمان بێ کە سڵ، لە شیعری بێ پەروا نەکەم.

پەراوێز edit