بیحەمدیللا بیابانی دڵ ئەمساڵ
پەڵەی لێداوە بێ مانەند و ئەمسال
بە پاچی تاعەت و جووتی ڕیازەت
موبەڕڕا بوو، موھەڕڕا بوو لە ئەو باڵ
کە خاڵی بوو لە بەرد و خاری ئەغیار
مەقامی یارە پڕ ئاڵتوون و کۆتاڵ
وەکوو باغی ئیرەم خۆش و دڵئەفزا
نەمامی عەرعەر و ھەم سەرو و شمشاڵ
بەدائیم پڕ فریشتە و بێ شەیاتین
لە کن تەعریف و ئەوسافی زوبان لاڵ
ھەمیشە بولبولی ڕۆحم ئەخوێنێ
لە نێو گوڵزاری دڵدا فارغ البال
دەمی ڕۆحم لە شیرین بوو لەمەولا
مەسەلمێنە لە دڵ بگرم قسەی تاڵ
کە من مەستی شەرابی عەشقی یارم
بە سەربەستی دەکەم ئیزھاری ئەحواڵ
دڵ و دینی ڕفاندم شۆخ و شەنگێ
بە غەمزەی چاوی بیمار و لەبی ئاڵ
ئیتر زاری دەکا تاجر بە ناچار
ئەگەرچی جەردە ناکا ڕەددی کۆتاڵ
لە لاشەی پیسی دونیا لادە سابیر
دەنووک نادەن لە چاوت سەرگڕ و داڵ
عەجەب شیوەن ئەکەی بۆ بەرگ و نانت
چ بێ باکی لە ڕۆژی مەرگ و ئەوباڵ
عەمامەی پاک و پڕ پێچت دەلیلە
دڵت بێ غەش نییە ئەی شێخی بەرماڵ
بە ڕیش و پرچ و تەسبیحت تەواوی
نەمازت ناتەواوە ئەی کوڕی خاڵ
ئەگەر مەردی لیباسی زوھدە بەرگت
لە بۆ ژن چاکە سورمە و خامەکی ئاڵ
وەکوو زەڕ خالیس و بێ غەش بە قوربان
وەگەرنە ئەتخەنە بۆتە ئەبی قاڵ
لە بۆتەی ئاگری دۆزەخ بترسە
بە ملیۆن پیاوی تێدا بۆتە زووخاڵ
ئەگەر تۆ تالیبی دونیای لەگەڵ سەگ
گەلێ جا تۆش ئەبی شەڕڕ و دەمەقاڵ
لیباسی زوھد و تەقوا بێنە مەیدان
مەھاڵێنە لە خۆت بەرگی شڕوشاڵ
قسەی پیاوانە نازانم بڵێم چی؟
دەسم پێ کردووە وەک شێت و منداڵ
لە بۆتەی یار سابیر زۆر بترسە
گەلێ خەڵکی لە ناودا بۆتە زوخاڵ