سالیک دەبێ لەوحی دڵی سادە و سپی بێ شوبھی بەت
ئەوسا دەبێ سیڕڕی خودای تێدا بنووسن خەت بە خەت
ئەی موستەعید ئوستادی تۆ بەو جوملە بەحری عیلمەوە
چونکە سڕی عەشقی نەبوو بەو عیلمەوە خنکا لە شەت
ھەرکەس سەماعی مەدرەسەی عەشقی حەقیقەت تا نەکا
تەرکیبی ئەشیاکەی دەکا بێ عەیب و نوقسان و غەڵەت
دەرسێ لە عیلمی عەشق ئەگەر تەحسیل بکەی بیکەیتە بەر
دنیا ببێ زیروزەبەر ڕێگەی خودا ناکەی غەڵەت
نەحوت ھەموو مەحوییەتە سەرفت غەم و بێ سەرفییە
ئاداب و مەنتیق دەرئەخەی ناکەی بەیانی عەشق قەت
گەر تۆ موسوڵمانی لە سەر ڕێگەی شەریعەت لامەچۆ
ڕۆح و سەر و ماڵت ھەموو ھەر سەرفی مەولات کە فەقەت
شەخسێ حەکیمانە وتی ڕۆژێ بەجێ دێ کامی دڵ
وا شیوەن و زاری بکەی فرمێسکی چاوت بێ بە شەت
ناحەق نییە نەوعی بەشەر دێوانەوار و بێ خەبەر
کەوتوونە کێو و دەشت و دەر، دیویانە حوسن و خاڵ و خەت
لەو مەدرەسەی پڕ وەسوەسە، سی ساڵە کەسبی عیلم ئەکەی
مانەندی تیفلی ئەبجەدی، ئەرکان و ڕێی دینت غەڵەت
ئاداب و عیلمی ھەندەسە ھەر قیل و قالە و وەسوەسە
تۆ وەرگرە لەم مەدرەسە دەرسێک بێ حەرف و نوقەت
سابیر بە یار و ئاشنا چاو و دڵی بوو ڕۆشنا
حەمد و سەنا يا ربّنا لێم دوور نەبێ ئەو یارە قەت
سابیر ئەگەر تۆ ئارەزووی دەرسی ئەدیبی ئەشق ئەکەی
عیلمێکە قەت حەل ناکرێ بێ حەرف و ئیعڕاب و نوقەت
سابیر چییە ھاواری تۆ، پێی خۆش نییە دڵداری تۆ
گەر ھەمزوبانە یاری تۆ لادە لە گوفتاری سەقەت
زۆرکەس بە تەحمید و سەنا چاوی دڵی بوو ڕۆشنا
سابیر ئەبێتە ئاشنا دوور ناکەوێ لەو یارە قەت