دولبەرا ڕۆژێ سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش
سوننەتی خير الورا یە خێرە سەردانی نەخۆش
من لە دەرمانم کە لوقمان و ئەرەستوو عاجزن
فائیدەی چی ئیلتیجاکردن بە نامەردان و خێش
یەک ئیشارەی کافییە لەو چاوە دڵ، ئەگریجە بۆچ
دەیگەزێ وەک ئەژدەھا، جارێ وەکوو دووپشک بە نێش
دڵ بە دوویا ڕائەکا بۆ دڵ ئەچم بیھێنمەوە
ئێوە بۆ مەنعم ئەکەن، ناچارییە ئەی خزم و خێش
کەوتمە دووی پاڕامەوە نەیدایەوە ئەو دولبەرە
ھیچ تەئسیری نەبوو دەنگم وەکوو ئاوازی مێش
یاخودا زوو بێتەوە بەڵکوو بدا پێم مەرھەمێ
زوو بە زوو داینێمە سەر چاوەی دڵی بیمار و ئێش
داد و فەریادی زەعیفان نابیسێ سەنگین دڵە
پادشاھی جابر و سەربەست و ھەم بێ دین و کێش
دڵ لە بەدبەختی سەعاتێ خۆ لە غەم فاریغ نییە
بۆیە وا فرمێسکی چاوم ڕوومەتی کردوومە ڕێش
وا بە ماری زولفەکانت بەندی جەرگم داڕزا
دڵ ھەراسانم ئەکا دووپشکی موژگانی بە نێش
ترس و خەوفی ھات و چوونت جان و دڵ بەرباد ئەکا
حەیفە تۆ وا دڵڕەقی بێ ڕەحم و بێ ئایین و کێش
زامدارم قیبلەیی حاجات و دەرمانم ئەتۆی
ئیلتیجا ناکەم بە لوقمانی حەکیم و قەوم و خێش
خۆ لە بێچاری ئەوا کەوتوومە شوێنی دولبەرم
ئیختیاری خۆم نییە بیللا بە زۆر ئەمکاتە کێش
تەرکی سەر ئاسانە ئەمما تەرکی دولبەر ناکرێ
تۆ لە دوکانی شەکەر تێفکرە سەردانانی مێش
ئەی ڕەفیقانم مەکەن مەنعم کە ناکەم تەرکی یار
تەرکی ناکا سابیری میغناتیسە دەمکاتە کێش