ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٥٤. ئەی تەبیب ئەی مەحرەمی ڕاز و مەسیح ئاسا نەفەس
ئەی تەبیب ئەی مەحرەمی ڕاز و مەسیح ئاسا نەفەس
تۆ وەرە سەیری کە، ئیحسانە، عیلاجم چوو لە دەس
گوڵشەنی حوسنت بپارێزە لە ئاھی پایزم
مومکینە فەسڵی زمستان خۆشە شەمع و شەوچەرەس
تۆ کە سوڵتانی بپرسە حاڵی مەزڵوومان چییە؟
وا کە وەستاون لە دەورت موشتەکا و مولتەمەس
ئەی تۆ لوقمانی حەکیم و من نەخۆش و بێ ھەوس
بۆ خودا چارت نەکردم وا عیلاجم چوو لە دەس
ڕۆژی شینم دێیە سەر قەبرم ئەڕێژی ئەشکی سوور
فائیدەی چی کێلی قەبرم تەڕ بکەی یا خار و خەس
بولبولی دڵ بۆ تەماشایێکی باغی ڕووت ئەوا
نەوعە کردارێ ئەکا ھەر وەختە بشکێنێ قەفەس
دەستی ئاھم تا بگاتە دامەنی ڕووی زەحمەتە
سا خودایە تۆ بکەی کارێ کە بیھێنێتە دەس
خوانەکا بەو ڕۆژە ئەو چاوانە وەرگێڕی ئەتۆ
گشت موسوڵمان وەرگەڕێن و دین لەبن بێنێ ھەرەس
سابیری ڕۆژ و شەوی خۆشی لە عومری خۆی نەدی
بەزمی ڕۆژی ناڵەناڵ و ئەشکی چاوی شەوچەرەس
سابیری دونیاپەرەستی و نەوجەوانی تابەکەی؟
غافڵی تا کێوی عومرت ناگەھان دێنێ ھەرەس

پەراوێز edit