گەر دەپرسی سەبەب و حیکمەتی ئەم بێ خەوییە
سەفەر و سوننەتی ئەم ماھڕووە شەوڕەوییە
حەزئەکەی تێبگەیەی لەززەتی شەوبێداری
لە ھەموو لەززەتی دونیا کە جیا بێ ئەوییە
لە شەڕ و فیتنەیی نەفست مەبە ئەمین وەکوو مار
لە ملی ھەرکەسێ ئاڵا سەری خوار و نەوییە
تۆ کە ئینسانی تەوەللا بە لە خووی حەیوانی
وا نەبی تابیعی شەیتانی لە سەر ئەم زەوییە
لە سەرا زەوقی گوناھ و لە دڵا حوببی فەساد
ئەمە بۆ زوعفی دیانەت چ دەلیلێ قەوییە
فلسی خێڕی بە دووسەت میننەت ئەبەخشێ ھێشتا
بە ئومێدە لە خودا یەک بە دە ئەو مل قەوییە
ھونەرت ناوەتە سەر دەستەوە عەیبت ژێر پا
دەگەڵت شەڕ دەفرۆشێ ئەڵێی خەستەوییە
عەمەلی چاکەیی تۆ سێوە بە کێو ئەیژمێری
جەبەلی عەیب و گوناھت تەبەقی بەدرەوییە
کوڕی سۆفی دەگەڵی ماڵی خەلیفەی دەفرۆشت
قەسەمی خوارد و بە ئەستێرە وتی خەستەوییە
ڕاستی کەس ھونەر و عەیبی تەماشا ناکا
ئەمە بووجەھلە وەیا شێخ حەسەنی بەسرەوییە
سابیری ڕاست ئەوەتا عەیبی عەوام داپۆشێ
عەرەب و ڕوومییە یا کورد و عەجەم پەھلەوییە