چاوەکانی وا دیارە دوژمنێکی خوێنییە
تیری موژگانی، بە تیژی، خەنجەری قەزوێنییە
قاتڵ و بێ ڕەحمە ناحەق قەسدی جان و دڵ دەکا
ناحەقم مەگرن موسوڵمانان کە ڕۆحم پێ نییە
حاجیبێ سەدجار بخوێنێ لاتەخەف گوێی نادەمێ
تا لە چاوی ئایەتی أين المفرم خوێنییە
گەر دەپرسی شەو لەبەر چی تا بەیانی ناخەوم
دڵ بە ئوممێدی نەسیمە چاوەڕێی مزگێنییە
دڵ لە بەحری غەین و میمە، ساقیا نێ میم و یێ؟
موتریبا چەنگ و ڕوبابێ لێدە داڵ و فێ نییە؟
ھەر وەکوو مەجنوون ھەمیشە چۆڵ و سەحرا پەی ئەکەم
دڵ بە داغ و پڕ لە حەسرەت سەیر ئەکەم لەیلێ نییە
وا لە دووریی تۆ پەرێشانم سەعاتی سەد کەڕەت
ڕوو ئەکەم بۆ ئاسمان چ بکەم خودا مەرگێ نییە
سابیری بێچارە زۆر موشتاقە بۆ گوڵزاری ڕووت
خۆ بە چاوی تۆ لە من چاتر ئەزانی ڕێ نییە!