ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٥. چ خۆشە کە ڕوخساری جانان خودایا
چ خۆشە کە ڕوخساری جانان خودایا
ببینم فیدا کەم دڵ و جان خودایا
چ شیرینە خەسرەو بە چاوانی پڕ خەو
نەزەر کا لە ڕاڕەو، لە دەربان خودایا
غەریب و گەدا بم غەریقی بەڵا بم
نەوا لەو جودا بم بە گریان خودایا
برینداری تیرم، پەریشان زەمیرم
دەواکەی نەفیرم، بە ئیحسان خودایا
لیباسێکی چاکە کە خورشیدی حوسنت
بە سابیر نیشان دەی زمستان خودایا
کەتانی وجوودم بە بەدری جەماڵی
کە سووتا بسووتێ ھەمیسان خودایا
برینم بەسۆیە، پەناھم بە تۆیە
لە چاوی نەخۆشی فرۆشان خودایە
کە یار ھات لەسەر خۆی، منیش چووم لەسەر خۆم
چو شەبنەم بە خورشیدی تابان خودایا
نەماوە سەبووریم، پەرێشانی دووریم
کەرەم کەی شیفایە، بە قورئان خودایا
لە ناڵینی سابیر چ جایی حەکیمان
چ بوو وا جیھانی خرۆشان خودایا
وتی دیم لە شەودا، شیفاکەم لە خەودا
نەکەی یاری سابیر پەشیمان خودایا

پەراوێز edit