ئەی موسوڵمانان خوا بەم بێ شەریک و تاکییە
ڕۆح و عەقڵ و دینی دا پێمان نیھاییەی چاکییە
تا ئیتاعەی پێ بکەین و تالیبی دونیا نەبین
کردەوەی ئێمە غرووری و غافڵی و بێ باکییە
داری دونیا میوەھات و سێبەری زەھراوییە
خواردن و لێ خەوتنی ھەردوو لە بێ ئیدڕاکییە
فیکری سونعی خالیق و شوکرانی نیعمەتمان نیە
بۆیە دونیا حاسڵی بۆ ئێمە ھەر غەمناکییە
خەوی غەفڵەت ھەردوو چاوی عیبرەتی داپۆشییە
تێبگە شەو بۆچی وا تاریک و ڕۆژ ڕووناکییە
خواردن و خەو بێ کەماڵ و بێ شعووری کردووین
زەحمەتە خوا چاکی کا ئەم عیللەتە زگماکییە
یاری خۆمان کردە دوژمن باوەکوژمان کردە یار
ناخەڵەف خۆمان کە بابی ئێمە ئادەم خاکییە
بۆ گوناھی گەندومێ ئادەم لە جەننەت دەرکرا
با وجوودی ئەو ھەموو عیزز و ویقار و پاکییە
تۆ کە سەرتاپا وجوودت غەرقی زوڵم و بیدعەتە
موستەحەقی جەننەتی بەم پاکییە بەم چاکییە؟
عاقیبەت طوعا و كرها گشتمان نابوود ئەکا
چونکە دونیا کردەوەی ھەر کوشتن و سەفاکییە
تۆ کە بابت گەندومێکی خوارد و خوا لێی خۆش نەبوو
تۆ کەبابت خۆش ئەوێ سابیر خاسارەتناکییە