کەسێ مانەندی پەروانە نەسووتابێ پەڕ و باڵی
لە سۆزی جەرگی سووتاو و دڵی من کەی ئەبێ حاڵی
خودا تەوفیق بدا وەختێ مەلائیک دێتە تەختی دڵ
کە تۆ قەلبت لە شەڕ و وەسوەسەی شەیتان بکەی خاڵی
ئەگەر خالیس نەبێ نییەت بەتاڵە زیکر و جەمعییەت
بە ڕەنگ ئەییووب خاسییەت، بە باتین خوویی دەججاڵی
بە ڕەنگ و ڕوو برنجێکی لەسەر سینی بژێراوی
بە تام و بۆی دەروونت تۆ زەخیرەی کۆن و بن چاڵی
تەماشایێکی ڕیشت کە حەیا و شەرمێ لە ئیشت کە
بە ڕیش و عومر باپیری بە ئیش و فیکر منداڵی
ئیتر بەسە خەوی غەفڵەت سەرت خاڵی کە لەو عەقڵەت
ھەتاکەی ھەر لە دووی نەفس و ھەوا ئەوباڵ و عەوداڵی
دڵم ڕەعد و ھەناسەم بەرق و ئەشکم سەیلە، دنیا پڕ
کە تۆ تێناگەیەی بێ سڕ نییە، کوێر و کەڕ و لاڵی
لە ڕستی خێوەتی تۆ عالەمێ شل بوو تەئەممول کە
لە ڕەشماری قیامەت تابەکەی مەغرووری ڕەشماڵی؟
حەیا کە سابیری نەفست بناسە خواشوناسێکە
لە پەنجا تێپەڕی عومرت لە خۆت و خوا نەبووی حاڵی!