شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: کەسێ مانەندی پەروانە نەسووتابێ پەڕ و باڵی کەسێ مانەندی پەروانە نەسووتابێ پەڕ و باڵی لە سۆزی جەرگی سووتاو و دڵی من کەی ئەبێ حاڵی خودا تەوفیق بدا وەختێ مەلائیک دێتە تەختی دڵ کە تۆ قەلبت لە شەڕ و وەسوەسەی شەیتان بکەی خاڵی ئەگەر خالیس نەبێ نییەت بەتاڵە زیکر و جەمعییەت بە ڕەنگ ئەییووب خاسییەت، بە باتین خوویی دەججاڵی بە ڕەنگ و ڕوو برنجێکی لەسەر سینی بژێراوی بە تام و بۆی دەروونت تۆ زەخیرەی کۆن و بن چاڵی تەماشایێکی ڕیشت کە حەیا و شەرمێ لە ئیشت کە بە ڕیش و عومر باپیری بە ئیش و فیکر منداڵی ئیتر بەسە خەوی غەفڵەت سەرت خاڵی کە لەو عەقڵەت ھەتاکەی ھەر لە دووی نەفس و ھەوا ئەوباڵ و عەوداڵی دڵم ڕەعد و ھەناسەم بەرق و ئەشکم سەیلە، دنیا پڕ کە تۆ تێناگەیەی بێ سڕ نییە، کوێر و کەڕ و لاڵی لە ڕستی خێوەتی تۆ عالەمێ شل بوو تەئەممول کە لە ڕەشماری قیامەت تابەکەی مەغرووری ڕەشماڵی؟ حەیا کە سابیری نەفست بناسە خواشوناسێکە لە پەنجا تێپەڕی عومرت لە خۆت و خوا نەبووی حاڵی! ++++++++++++++++++++++