نەھاتی بۆ تەداوی جەرگ و دڵ سووتاو و برژاوێ
دەمێکە چاوەڕێمە تۆ بەسەریانا بکەی ئاوێ
ڕەفیقانم مەکەن مەنعم بە ڕوئیەی یار سووتاوم
کەسێ ئاگر لە ماڵی بەردرا ناچار ئەڵێ ئاوێ
خیلافی عادەتە قوربان کە تۆ ڕەحمێ بە من ناکەی
بە حاڵی ڕەحم ئەکا عالەم ببینن خانەسووتاوێ
بە چاوی تۆ گەیشتوومە بە حاڵی جانیبی مەرگم
لە لام ڕاحەتترە سەدجا دەڵێم ئەم ژینەمە ناوێ
کە ڕابووری بە سەرما دامەنی پاکت بە داراکە
نەوا ئالوودەبێ ئەم دامەنە پاکەت بە خوێناوێ
دڵم تەسکینی نایە چاوی من فرمێسکی ناوەستێ
مەگەر ڕۆژێ بە چاوی مەرحەمەت سەیرم بکەی تاوێ
شکاتم لای حەکیمێ کرد و گریا و پێی وتم: سابیر
عیلاجی عاشقان سەبرە ئیتر دەرمانی پێ ناوێ