ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٠٥. شەھیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو
شەھیدی خەنجەری عەشقم برینم کارییە ئەمشەو
لەبەر چاوم عەجەب نیل و فوڕاتێ جارییە ئەمشەو
لە سەردا سەیلی ئەشکم ھات و خانەی سەبری ڕووخاندم
مھەندیس عاجیز و حەیرانە لەم میعمارییە ئەمشەو
ڕەفیقان ئاوی تەدبیرێ وە یا قورسی تەباشیرێ
سەراپا جیسم و جانم ئاگری لێ بارییە ئەمشەو
لە دووری یووسفی سانی میسالی پیری کەنعانی
مەدینەی میسر و جان و دڵ لە شین و زارییە ئەمشەو
نەما سەبر و دڵ و جانم جنوون و سینە بوریانم
بە لوقمان ناکرێ دەرمانی ئەم بیمارییە ئەمشەو
تەبیب و خێش و بێگانە ھەموو لەم دەردە حەیرانە
نە دەرمانێ، نە تەدبیرێ، نە کەس ھاوارییە ئەمشەو
خەزانی غەم گەڵاڕێزانی خستە باغچەیی عەیشم
لە بەرگی خوڕڕەمی نەخلی ئوممێدم عارییە ئەمشەو
خەتابارم مەکەن خزمینە لەم گریان و ناڵینە
جگەر سووتان و دڵ برژانی من ناچارییە ئەمشەو
کەسێ مەجنوونی لەیلایێ نەبێ لەم حاڵە تێناگا
ئەگەرچی عیللەتی من دوور لە یارم ھارییە ئەمشەو
حەکیما ڕەنگ و ڕوخسارم ئەزانی بۆچی وا زەردە؟
بە سەردی مەیلی یارم دڵ لە بورجی نارییە ئەمشەو
لە شەڕحی شەمسی ڕووت دەرسی بخوێنێ موستەعید فەورەن
مودەڕڕیس، ھەم موجەووید، ھەم مەجاز و قارییە ئەمشەو
ئەگەرچی ڕووت و موحتاجم ڕفاندی جەردە تاراجم
بیحەمدیللا دوڕ و مەرجان لە دەورم بارییە ئەمشەو
بەیانی حیکمەت و ئادابی دەرسی شەرحە شەمسی ڕووی
لەکن عەللامە ئیزھاری بکا فەننارییە ئەمشەو
گەزافی عەشقی لێدا سابیری با موستەحەقی بێ
بە چنگی شاھبازی عەشقەوە پاسارییە ئەمشەو

پەراوێز edit