ئاڵەکۆک

شوکری فەزڵی add_a_photo
شوکری فەزڵی دیوانی شوکری فەزڵی
٥. لە ھیجرا ڕۆژ و شەو عاشق خەریکی ناڵەیی زارە
لە ھیجرا ڕۆژ و شەو عاشق خەریکی ناڵەیی زارە
پەرێشان حاڵە قوربان، عاجز و غەمبار و بیمارە

شیفام با ماچی لێوت قەت نییە ئێستاکە، دڵ چونکە
بە نووکی خەنجەری موژگانی خوونڕێژت بریندارە

بنازم وردە غەمزەی چاوی مەستت ئەی کەمان ئەبرۆ!
کە وا بۆ کوشتنی عاشق عەجەب تیرێکی خوێنخوارە

ئەگەر بۆ سەیدی مورغی دڵ نەبێ کاکۆڵی موشکینت
لەبەر چی ھەر وەھا چین چین و پێچاوپێچ و خوارە١

لە چینی پەرچەمی تۆدا سەبا سست ھاتە سەفحەی باغ
مەگەر سەرمەستە قوربان بۆیە وا ئاھیستە ڕەفتارە

بە کوشتن شاد ئەبم ئێستا، بە شەرتێ گەر بەجێ بێڵێ
لە دڵدا خەنجەرێ بۆ یادگار ئەو شۆخە غەددارە

حەمەد بەگ٢ تا بڵێی شیرینە ھەممی ھەروەکوو نەزمم
کە ھەم مەشھووری ئافاق و پەسندی یار و ئەغیارە

١. ئەم بەیتەیان ئەگەر ئەم 'وا'یەی نەبێ لەنگ دەبێ
ئەگەر بۆ سەیدی مورغی دڵ نەبێ کاکۆڵی موشکینت
لەبەر چی ھەر وەھا چین چین و پێچاوپێچ و [وا] خوارە

٢. مەبەست لە حەمەدبەگی گوندی موغانی لای شاری سلێمانييە.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit