ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٥٩. داخ ئەمڕۆ لە دەس دەوڵەمەندی شڕ
داخ ئەمڕۆ لە دەس دەوڵەمەندی شڕ
دەرگا و قەنتەرەی کلیل داوە خڕ
جەسارەت ناکا غەریب یا ھەژار
ڕوو کاتە ماڵی لە بۆ ئیش و کار
ھەر دەم بۆ تەماع زۆر بێ قەرارە
بە تای کراسی وەک شێت و ھارە
تەماع یەک درھەم گەر بێتە مەیدان
ئەیکاتە گاڵە لە ناو دیوەخان
جووت و فەلاحی یا دوو یا سیانە
ھێشتا پێی کەمە ئەم ماڵ وێرانە
گەر قسەیێ حەق ببێ لە مەیدان
دەست بە خەنجەرە و ھەستایە پێیان
من وێلاشی تۆم ھەی لاتی برسی
تۆ زۆر بێ عەقڵی لە من ناترسی
من دەوڵەمەندم خاوەن مڵک و ماڵ
خوێنی تۆ دەغڵم ئەوا ھا لە چاڵ
سی حۆقە ڕۆن و کاوڕێکی گەڕ
ئەبەم بۆ «قۆمسێر» ئەرێ ئاخر شەڕ
ڕەزیلەت بکا لە پێش چاوی عام
نەوێری دەنگ کەی تا ڕۆژی قیام
حەپس و ڕەزالەت جنێو تێ ھەڵدان
لە پێش چاو خەڵکی ئەیکا پەرێشان
ئەمجا ئەی ھەژار ھەر بکە ھاوار
ھەر بناڵێنە لە جەوری ڕۆژگار
لوتفی تا بە کەی تۆ ھەر غەم ئەخۆی
لە نەزەر عالەم وەکوو دەنکە جۆی
جەوری ڕۆژگار
١٩٤٣

پەراوێز edit