ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٩. یادی پیرەمێردی بوێژ
ئەم بەهارە
لەسەر گردی مامەیارە،
بۆ یانزە جار،
نوێ گوڵاڵەی سووری بەهار
خوێنی ڕژایە سەر گیای سەوز،
خوێن پەنگی خواردەوە وەک حەوز...
بۆ یانزە جار،
سەوزە گیاکەی گردی یارە
مووی سپی کرد وەک چۆڕی شیر،
تووکی کەللەی بۆ یانزە جار
با ڕشتییە بەر پێی ڕێبوار!

پووشی دە ساڵ ئێستە خۆڵە
لەو ڕۆژەوە جێی پیرەمێرد
- قۆچی تینوو بۆ دەمی کێرد -
لە باخچەی هەڵبەستا چۆڵە

باغچەی هەڵبەست،
هەزار و یەک جۆر گوڵ ئەگرێ،
تیایا هەیە زووڕەس، بۆن مەست،
بەڵام، ئاخ، زوو هەڵئەوەرێ
لە ناو هەزار و یەک گوڵا،
من هێرۆم زۆر چۆ بە دڵا؛
کە پاش ئەوەی بەهار پیر بوو،
بە دڕک و پووش هەرد داگیر بوو،
گوڵی هێرۆ،
گورج لەسەر بنجی سەربەخۆ،
سپی و سوور هەڵئەکا بەیاخ،
دڕک و داڵ ئەگێڕێ بە باخ!
پاش بەهارێ،
کاتێک: ڕۆژی لای نیوەڕۆ
دەرزیی داخی لێ ئەبارێ،
ڕێبوار تک تک ئەتوێتەوە...
لەوکاتەدا گوڵی هێرۆ
لە ناکاو ئەشەکێتەوە،
سرنجێک ئەگرێتە ڕێ و بان:
فێنک وەک ئاو، وەک بای کوێستان!
هێرۆم بۆیە لا پەسەندە:
لەسەر ڕەگێکی قووڵ بەندە
بەسەر دڕکی ژینا زاڵە،
تا ئەمرێ، سەر لقی ئاڵە.
بەغدا - ١٩٦١

پەراوێز edit