ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران لە کۆڕی خەباتا
١٨. تیر و کەوان
ئەو ئاسمانە شینەی ژوور سەر
کۆتری سپیی تیا خول ئەدا
بەبێ خەتەر،
مژدەی گوڵ بە بولبول ئەدا.

لەو ئاسمانە،
گڕی سپیی ئەو باڵانە:
ئاوێنەی ئارامیی ژینە،
کۆشی وەنەوزی شیرینە؛
ڕوونی ئەخاتە شەبەقمان؛
سێبەر ئەکا بۆ ئارەقمان،
بەری ڕەنجی تاڵمان بە لێو
ئەکا بە هەنگوینی بێ مێو

ئەگەر مەلی ئاسمانی شین
باڵی بەیاخ نەبێ بۆ ژین،
لە هیچ باغچە و بەهارێکا
لە جێی دڕک گوڵ نابینین،
گوڵ نابینین!

ئەو تاوانبارەی بۆ کۆتر
لە ژێی کەوان تیر گیر ئەکا،
پارچەی جەرگی ناو بێشکەی خۆی،
پێش هینی من نێچیر ئەکا!
لەگەڵ ئەوەش دەستی چەپەڵ،
ئابڕووتکاو،
هەر خەریکە، تەکەڵ تەکەڵ،
بۆ ئاسمانی پڕ لە هەتاو
تەپەدووکەڵ هەڵئەسێنێ،
گڕی سپی ئەخنکێنێ!

پیاوخۆرێک وا
بە گۆشتی ڕۆڵەی خۆی چەش بێ،
ڕۆژهەڵات بۆی، وەک ڕۆژئاوا
دەبۆی تیر بێ، هیی تەرکەش بێ،
دیارە هەرگیز لە پەلامار
واز ناهێنێ وەک گورگی هار!

با هەزار جار،
گیرفانم پڕ لە بەڵێن کا،
جووتبەقێی بەڵێن بە سوێن کا:
کە هەڵئەگرێ
دەست لە گەزەن هەتا ئەمرێ
من تەجرەبەی پار و پێرار
نایەڵێ چاو بێ ترس لێک نێم،
لە گازی مار!
ئەگەر دنیا ئاشتیی ئەوێ،
بۆ ژێر سەری خەوی ئارام
لە تووکی قوو پشتیی ئەوێ،
ڕاوێژ هەر ئەوەیە لە لام:
هەتا زووە،
تا خەڵک گشت بە قڕ نەچووە،
دان لە دەمی مار دەربێنێ! -
چەک نەمێنێ،
ئەوسا، بێ ترس، تێر ئەنوێ چاو،
ئەچێتە ئیش دوو دەستی پیاو!
ئەوسا باخچەی ژیانی نوێ،
جوانترین گوڵ تیا ئەپشکوێ!
ئەوسا ئینسان،
بە دەستی بێ تیر و کەوان،
زووتر تۆوی گوڵی زەوی
بو ئەبرێ تا ئەستێرەکان!...
پێشکەشە بۆ کۆنگرێسی ئاشتی و چەک فڕێدانی گشتی لە مۆسکۆ، ٩-١٤ مانگی ٧ی ١٩٦٢

پەراوێز edit