ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران فرمێسک و هونەر
٣. بۆ گەورەیەکی شیعردۆست
شیعری جوانت ئەوێ؟ قوربان، شیعری جوان؟
شیعرێک گەشە و زەردەخەنە با بە ژیان!
شیعرێ چەشنی ئەستێرە بجریوێنێ،
ڕوون بێ، ناخی دەریای دەروون بنوێنێ،
وەک بولبولی ناو هێلانەی گەرم وگوڕ،
ئاسوودە بێ و بەستە بڵێ سەرومڕ!
شیعرێ کە وەک ساوا نازدار و جوان بێ
خۆراکی گۆشتی دڵ، شیلەی ژیان بێ!
شیعرێ کە هەر دەنگێکی زرنگەی زەنگ بێ
هەر کەرتێکی نەخشێکی ڕەنگاوڕەنگ بێ!
شیعرێ گیانی تیا بێ و بژی و ببزوێ،
زوبانی دڵ بزانێ و باش پێی بدوێ
قوربان، ڕاستت ئەوێ من و شیعری وا
چەشنی عەجەم ئەڵێ «کوجا مەرحەبا!»؟
لە پێش هەموو شتێکا چونکی کوردم،
چۆلەکەی ناو هەزاران داوی وردم،
باڵی فڕین، دەنووکی هاوارکردن،
زیاتر چەقۆم نزیک ئەخا لە گەردن!
بولبولیش بم مادام قەفەسم تەنگە،
زمانم لاڵ، نەغمەی شیعرم بێ دەنگە!
جگە لەوەش لە هەموو شت خراپتر:
دڵ خاڵییە، کوورەم تیا نییە ئاگر،
پەڕەی دڵێ زامدار نەبێ بە تیری
خوای دڵداری، زوهرەی جوانی زنجیری
لەگەڵ ڕیشە و ڕەگی نەئاڵۆزابێ،
دڵێ پیریی خۆی لێدابێ و ڕزابێ...
ئەو دڵە، کەی جێگای پەریی ئیلهامە؟
گۆشتی بێ گیان خۆی کامە، شیعری کامە؟
لە پاشانا، قوربان ڕەنگە بزانی،
مەئموورێکی بچووک، وەک من، ژیانی
گەردن کەچی نانە، حوکوومەت، نانیش
بۆی ژەم بە ژەم حیساب ئەکا بەپێی ئیش!
تا شان و مل وەک قەیدی کۆن تۆز نەگرێ
ئیش بۆ میری، سەما بۆ ژووردەست نەکرێ
تا ماندوو بوون، نا کفرم کرد، تا مردن،
کەی بۆ مەئمورر ئەلوێ، قوربان، نان خواردن؟
مێشکێ ئاوا دەردی سک ئەندێشەی بێ،
لە ناو دەریای ئیشا گێرە و کێشەی بێ،
کەی چاو بە دنیای جوانییا بگێڕێ،
هەرچیی بینی بیخاتە پێنج شەش دێڕێ؟!
ئەمجا، قوربان، هیوام هەیە لە «گۆران»
ئیتر داوا نەکەن هەڵبەستی جوان جوان!
بەسەر شیعرا کەسێ زاڵە سەربەست بێ،
بەرەڵڵا بێ، بە عارەقی عەشق مەست بێ،
بۆ من وەها ئەلوێ ئیتر خامۆش بم،
با لە مەیدان ون بم و فەرامۆش بم!

پەراوێز edit