ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران بەهەشت و یادگار
٤. بۆ کچێکی بێگانە
زۆر قژی زەرد سەرنجی ڕاکێشاوم
زۆر چاوی شین داویە پرشنگ لە چاوم
شان و مل و گەردنی ڕووتی بێگەرد
سنگی نەرم و مەمکی قوتی توند وەک بەرد
بەژن و باڵای کەڵەگەت و شۆخ و شەنگ
لەشولاری کەمێک گۆشتن، کەمەر تەنگ
پێستی سپی بە خوێنی گەش مەیلە و ئاڵ
کوڵمی قەڵەو، چەناگەی ناوەڕاست چاڵ
دەم و لێوی وەک گوڵی بەربەیانی
ئەمانە گشت، گەلێکی تریش جوانی
وەک لەنجەولار، زەردەخەنە، نەغمەی دەنگ
شەرمی تاوتاو، نازکردنی ڕەنگاوڕەنگ
هەمووم دیون کاریان کردۆتە هەستیم
سەردەمێکی عومرم بوونە هۆی مەستیم
هەموو: یەکیەک یاخۆ دەستە بە دەستە
ناخی گیانیان بۆ پڕ کردووم لە بەستە
ئەمانەم گشت لا جوان بووە و لا جوانە
بەڵام هەرگیز تەنیا جوانی ئەمانە
بۆی نەشکانووم توینیەتی و ئارەزووی دڵ،
هەر گەڕاوە مەلی برسیم چڵاوچڵ
لە هەچ باخێک گوڵێکی سوورم دیبێ
بۆی چووم هەزار دڕک لە پێم چەقیبێ!
هەر ئەوەندەش گیرۆدەی گوڵی سوور بووم
ناشارەزا و پەپوولەی دوور بە دوور بووم
ئەمجا ئیتر کەوتوومەتە بەیایی
بۆ جوانێکی تری پێش ئاشنایی
جوانەی تریش هەر وەکوو ئەم جوانانە
نەیتوانیوە دامرکێنێ ئەم گیانە
هەر سەرگەردان، هەر ئاوارە، هەر برسی
«بۆچی؟» باشە پێت بڵێم با، ئەپرسی:
چونکە کاتێ دێنێتە دی خۆزگەی دڵ
جوانیی گیانیش هاوکاری بێ، جوانیی گڵ
لەش با هەردەی بەهار بێ ئارایشتی
ئاسمانێکی ئەوێ فەڕ با بە گشتی!
بۆ کڵۆڵیم، ڕەنجەڕۆییم، بەدبەختیم
تا ئێستاکە هەر نازدارێ من ناسیم
بە ڕواڵەت چەن پرشنگدار و شیک بوو
پێچەوانەی ئەوە، دڵی تاریک بوو؟
کۆشی گەرم و دەروونی سارد و سڕ بوو
زمانی نەرم، نیهادی ئێجگار دڕ بوو!
لەبەر ئەوە، ئەی قژزەردی بێگانە!
جیلوەی جوانیت لە بیرم چێ ئاسانە!
بەڵام ئەوەی لێی ورووژاندم هەستم
ئەو کتێبی شیعرەیە داتە دەستم!
گران هەتا دوا هەناسەی ژیانم،
لە بیرم چێ ئەو جوانەی دای نیشانم:
دیوانەکەی «برۆنس» کە نەغمەی شیعری
ئەڵێی کچە پێ ئەکەنێ، یان ئەگری!

پەراوێز edit