بۆ یەک شەو لای دایە ئەم دێیە ڕێی وێڵم
بەیانی، ڕۆژ هەڵهات، سوار ئەبم جێی دێڵم
وەک ساوای یەکشەوە کە دێ پاش نەمانی
چۆڵ ئەبێ بە یەکجار لە ناو و نیشانی،
ئەم دێیە جێ دێڵم: بێ نیشان، بێ شوێنپێ،
ئەی پەری! سڵ مەکە، لا مەدە بۆ لاڕێ!
ئەو نیگا نیوکەچەی ئەو چاوە مەستانە!
شۆڕ مەکە بۆ بەرپێ، بەرز و گەش بڕوانە!
پەنجەی ناز بەر بدە لە چمکی مشکیی شەرم،
دەرکەوێ لێوی ئاڵ، زوڵفی خاو، کوڵمی نەرم،
سڵ مەکە لە مەیلی بە گەرمی ڕوانینم،
پیاوێکم جوانییە قیبلەگای ئایینم،
سەرنجێک من ئەیدەم لەو بەژن و باڵایە
لە سینەی پاکەوە بۆ جوانی تەنیایە،
ئەمەوێ کە دەرچووم لەم دێیە بەیانی،
خاتیرەم هەڵگرێ جوانترین نیشانی!
چونکی ئاخ! ئەگەرچی ئێوە من ئەمرێنن،
بەڵام تۆ، خۆت و دێت لای من هەر ئەمێنن،
تۆیش لەگەڵ هەر جوانێک ئەبینم تا ئەمرم،
ئەبیتە مرواری بۆ ملوێنکەی شیعرم!