ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران بەهەشت و یادگار
٣١. گوڵی خوێناوی
کوڕ:
بڕوانە! شایییە، چۆپییە، لەو ماڵە
گوێ بگرە! زوڕنایە، دەهۆڵە، شمشاڵە!
زەرد و سوور تێکەڵ بوون، ژن و پیاو، هەرایە
لەو ناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە!
سا توخوا خێراکە با بڕۆین دەست بگرین
بە کامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین!
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
کوڕ:
کچ لە ڕێی جوانیتا، کچ لە ڕێی جوانیتا
کچ لە ڕێی نیونیگای هاتوچۆی کانیتا
پاییزە، گەڵای دار ڕژاوە، باغ ڕووتە
گوڵ کوانێ؟ گوڵ لێوی بە بزە پشکووتە!
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم زەرد چەپکێ، ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ!
بتدایە دڵ بە من، بە هەموو مەعناوە
دوو چەپکت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە! ...
کوڕ (ئەڕوا و لەبەر خۆیەوە بە گۆرانی ئەڵێ):
باغچەی پاشا لەوبەر ئاوە
خێڵی دوشمن دەورەی داوە
ئەڕۆم: ڕێگام لێ گیراوە
ناڕۆم: چاوکاڵ لێم تۆراوە!
(بەرەبەرە لە دێ دوور کەوتەوە)
***
کوڕ:
بە باغچەی پاشادا ورد گەڕام، خوار و ژوور
زەرد هەبوو، بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور
نازانم ئەمجا دێیت بۆ شایی و هەڵپەڕکێ؟
کچ:
نایەم، گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چەپکێ!
کوڕ (یەخەی مراخانیی ترازان):
ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی؟
کچ:
هەی هاوار! تفەنگی دوشمنیش پێکاتی؟
ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە سەر ڕانم؛
با بگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕانم!

پەراوێز edit