شاعیر: گۆران کتێب: بەهەشت و یادگار سەرناو: گوڵی خوێناوی کوڕ: بڕوانە! شایییە، چۆپییە، لەو ماڵە گوێ بگرە! زوڕنایە، دەهۆڵە، شمشاڵە! زەرد و سوور تێکەڵ بوون، ژن و پیاو، هەرایە لەو ناوە هەر هاڕەی هەیاسەی تۆ نایە! سا توخوا خێراکە با بڕۆین دەست بگرین بە کامی دڵداری پێکەوە هەڵپەڕین! کچ: گوڵ نەبێ بۆ سەرم ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ! کوڕ: کچ لە ڕێی جوانیتا، کچ لە ڕێی جوانیتا کچ لە ڕێی نیونیگای هاتوچۆی کانیتا پاییزە، گەڵای دار ڕژاوە، باغ ڕووتە گوڵ کوانێ؟ گوڵ لێوی بە بزە پشکووتە! کچ: گوڵ نەبێ بۆ سەرم زەرد چەپکێ، ئاڵ چەپکێ نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ هەڵپەڕکێ! بتدایە دڵ بە من، بە هەموو مەعناوە دوو چەپکت ئەهانی لە باغچەی پاشاوە! ... کوڕ (ئەڕوا و لەبەر خۆیەوە بە گۆرانی ئەڵێ): باغچەی پاشا لەوبەر ئاوە خێڵی دوشمن دەورەی داوە ئەڕۆم: ڕێگام لێ گیراوە ناڕۆم: چاوکاڵ لێم تۆراوە! (بەرەبەرە لە دێ دوور کەوتەوە) *** کوڕ: بە باغچەی پاشادا ورد گەڕام، خوار و ژوور زەرد هەبوو، بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور نازانم ئەمجا دێیت بۆ شایی و هەڵپەڕکێ؟ کچ: نایەم، گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چەپکێ! کوڕ (یەخەی مراخانیی ترازان): ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی؟ کچ: هەی هاوار! تفەنگی دوشمنیش پێکاتی؟ ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە سەر ڕانم؛ با بگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕانم! ++++++++++++++++++++++