ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا گۆران add_a_photo
گۆران بەهەشت و یادگار
١٥. بۆ خانمێک
قاسید وتی پێم: بگرە سەبر، خانم ئەوا دێت
سا فەرموو، سەبر بێ بە فیدای خاکی بەری پێت!
حەسرەتکەشی ئەو شان و مل و گەردنە ڕووتەم
وەختە بمرم بۆ نەفەسی بۆنی توالێت!
ئاهم بووەتە هەوری بەری تینی هەتاو بۆت
فرمێسکم ئەدا نم لە هەموو ساحەیی سەر ڕێت!
هەر دیاری کە دا حاشیەیی حوسنی ملووکیت:
بۆ ڕەسمی سەلام نەبزی دڵە زەربی ترامپێت!
گەر بێت و بفەرمووی، مەلیکەم! مەیلی نشیمەن
بەو خوایە لەسەر دیدە ئەکەم تەسویەیی جێت!
ئەمجا بە پەڕوباڵی تەڕ و فێنکی بۆسە
تێر تێر ئەسڕم، خانمەکەم! گەردی سەفەر لێت!
نازانم ئەبێ چۆن بگەمە باسی ویسالت
تۆ خواژنی جوانییت و ئەکەم فەرتی حەیا لێت؟

پەراوێز edit