یادی کۆنم کردەوە ئیمڕۆ کزە و سۆزم ھەیە
بیری مێژووی سی عەسر پێشووی گەل و ھۆزم ھەیە
ھەمدەمێکی وەک قەڵەم حەق بێژ و دڵسۆزم ھەیە
مەیلی باسی ڕۆژی تازە و جەژنی پیرۆزم ھەیە
جەژنی نەورۆز یەکێتی قەوم و گەلی ھێنامە یاد
ڕستگاری قەومی ماد و پادشاھی کەیقوباد
جەژنی نەورۆزە چەمەن ڕازاوەی غونچە و گوڵە
نەرگسی شەھلا قەدەح ئەفشانی بەزمی سونبولە
پەرچەمی نەسرین و سەوسەن حەڵقەی داوی دڵە
نەغمەخوانی بەزمی ئەم گوڵزارە قومری و بولبولە
ئەم بەھشتی سەر زەمینە کردەوەی سەنعەت نییە
بێت و کوردستان ببینێ کێ ئەڵێ جەننەت نییە
تاجی زەمروتی لە سەر داناوە شاخی پڕ غروور
بەرگی پۆشیوە لە ئەتلەس سەوز و شین و زەرد و سوور
نوقمی دەریای شەونمە، یا خۆ شەپۆلێکە لە نوور
پڕ زوھوور و نوورە ھەردە و شاخ و دەشتی شارەزوور
جیلوەبێکی جەننەتە کەوتۆتە سەر خاکی وەتەن
گوڵشەنی نوورانییە ئەنواری بۆن خۆشە چەمەن
بای نەسیمی ڕوحفزا ئەشنێ سەحەر خێزی ئەکا
ھاژەی بەفراو لە شاخان شۆڕش ئەنگێزی ئەکا
گوڵ لە باخ و دەشتی گوڵشەندا عەتر بێزی ئەکا
لالە سەرمەستی مەیی نابە قەدەح ڕێزی ئەکا
ڕۆژی تازە، ساڵی تازە، بابە ڕۆژی شادییە
موژدە بەخشی سەربەخۆیی پێشڕەوی ئازادییە