مانگی چواردە و یەک شەوە، گردن لە ڕووی ئەو دولبەرە
موعجیزەی شۆخی نەبێ، چۆن مانگەشەو نەرم و تەڕە
پیاڵەگیڕی مەیکەدەی ئەو نەرگسی شەھلایەیە
یاخۆ موژگانە لە بەر بەدمەستی، دەستەوخەنجەرە
ڕائیحە و بۆنی بەھەشتە نەشئەبەخشی ڕۆحمە
یاخۆ خەندە و پێکەنینی لێوی لەعلی دولبەرە
تاقە خاڵی شینی سەر گۆنای مەتافی عالەمە
بەردی نێو کەعبەی دزیوە ئەم چەتیوە کافەرە
خاریقەی ئیعجازی شۆخی سەروی ھێناوەتە بەر
قەدی بەرزی دوو شەمامەی گرتووە بۆ نۆبەرە
ماچی لێو و ناودەمم کرد دەستی کردە بۆڵەبۆڵ
پیری وەک تۆ لێی حەرامە ئەم شەرابی کەوسەرە
بابە ئەو لاوێکی وەک خۆی، شۆخ و لاو چاکی ئەوێ
تۆ بە واتە ڕاوی ناکەی، ئەم فریشتە پەیکەرە