ئاڵەکۆک

ئێقباڵ محەمەدی add_a_photo
ئێقباڵ ئاسمانی خەیاڵ
٨. دوو پەنجەرە
دوو پەنجەرە دوو دیوار
یەک لەم سەر و یەک لە خوار

ئەم لەمبەری کۆڵان و
ئەو شانی لە حاستی دار

ڕۆژان و شەوانی زۆر
بژمێری هەموو ڕێبوار
............... .
ڕۆژێک کە کۆڵان وەک
شەو خەوت و نەما هاوار

ئەم پەنجەرە تێڕوانی
بۆ هاودەمی بێ ئازار

دی، ئەو کە لە پێش ئەمدا
چاوی لەمە بۆ دیدار

بۆ ماوەیێ هەر دوو یار
تێکەڵ لە حەزێ نەدیار

تێر ماتی تەماشا بوون
بزڕا ڕەگی وشکی دار

لەرزاندی هەموو جەستە
شەق بوون تەبەق و بزمار

چرکاندی لەشی هەردوو
خنکاندی لە ناخ هاوار

ئەم هەستە کە نامۆ بوو
کرد بوونییە گێژ و هار

سەریان لەمە سووڕمابوو
خورپەی دڵ و جەستەی دار؟
................... .
بەم چەشنە هەموو ساڵێ
دوو پەنجەرە بوون ئازار

هەر بوو بە ڕوانین کار
دیدەی ئەم و چاوی یار

بەم ڕەوتە زەمەن پەڕ بوو
تا ڕۆژێ درا بڕیار

هێنایە دەرێ وەستا
دوو پەنجەرە کۆنی دار

جێی ئەم دوو پەرێشانە
دریان بە نوێی بازار

جەستەی دوو ڕفێقی دوور
لای یەک، وەلێ چەوت و خوار

بۆ ماوەیێ هەسیان کرد
بێ ئێشە لەشی بیمار!

هێور وەکوو دوو منداڵ
خەونێ چووە چاوی دار

لەو خەونە ئەیانبینی
ئامادە کران بۆ کار

دریان بە هونەرمەندێ
بۆ پەیکەرەیێکی دار

ئەو دەستە هونەرمەندە
کرد بوونییە هێمای شار

گێڵاسێ شەرابی کۆن
ئاڵا بووە دەوری مار...... .

پەراوێز edit