ئاڵەکۆک

نامی add_a_photo
نامی بارانی ڕەحمەت
٢٥٢. پاڕانەوە لە خوا
بەم عەقیدەیە «كريم» ڕاجییە
بڕواتە ڕیزی فیرقەی ناجییە
ئەوانەی ماون بە سیدق و سەواب
لەسەر ئادابی حەزرەت و ئەسحاب
سەربەرزی دونیا و ڕۆژی قیامەت
لە تەرزی بیدعەت ساغ و سەلامەت
کە بە سەلامەت نەزمم تەمام بوو
«الحمد لله» حوسنی خیتام بوو
ژمارەی بەیتی زیاد لە سێ ھەزار
ھەریەک دوڕڕێکی ناودار و نازار
ساڵی تاریخی بە گوێرەی ھیجرەت
ھەزار و سێسەد لەگەڵ حەفتا و حەوت
لەسەر موھاجیر بڕژێ بە دەوام
بەبێ ژمارە سەلات و سەلام
لەسەر ئەسحاب و ئال و ئوممەتی
بە قەد بوڵەندی پایە و ھیممەتی
ئەی ڕەھنومای خێر، خێر بە دەست ئاسان
فەییازی موتڵەق بە لوتف و ئیحسان
با ئیقلیم گیر بێ «بارانی ڕەحمەت»
ڕەحمەتی عام بێ بۆ ھەموو ئوممەت
ئەی ساحێب گوفتار لە سەرای غەیبی
بە «أَنَا عِنْدَ ظَنِّ عَبْدِي بي»
تۆماری عومرم ئەڕوانم پێدا
قوسووری زۆرە و خێر کەمە تێیدا
ھەرچەن لەم وەزعە زۆر ھەراسانم
ئومێدەواری عەفو و ئیحسانم
سا حوسنی زەننم بە حەق بێنە جێ
زۆر خۆشە خودا لە بەندە خۆش بێ
بمبەخشە بە شای ھەموو ئەنبیا
بە سەفای قەلبی مەولای ئەولیا
حەل بکە بە خێر گشت موشکڵاتم
بۆم ئاسان بکە ڕێگەی نەجاتم
تەوفیقم بدە بۆ ئیستیقامەت
لەسەر تەریقی سیدق و سەلامەت
بەڵکوو لە جەفا و مەینەت و زەحمەت
بمشۆرێتەوە «بارانی ڕەحمەت»

پەراوێز edit