سەنا و سوپاسێ لەسەر سەفا بێ
سەلامێ لەسەر شێوەی وەفا بێ
ئەویان «تَحيّه»ی زاتی خودایە
ئەمیان «هَديّه»ی ڕەسوولەڵڵایە
بە جیلوەی فەیزی عالی جەنابی
بگا بە ڕۆحی ئال و ئەسحابی
ھەم بەو کەسانە بە ڕێگەی دینا
ئەگەڕێن بە شوێن ھێزی یەقینا
***
پاش سەنای خودا و سەلامی سەروەر
عەرزم ئەمەیە کورت و موختەسەر
بە ئەمری خودا فەرزە لەسەرمان
بزانین مەعنای ئیسلام و ئیمان
ئەسڵ و فەرعی دین، عەقیدە و عەمەل
باش ڕاگیر بکەین تا کاتی ئەجەل
تا بە باوەڕو کردەوەی پەسەند
لە دونیا و دینا ببین بەھرەمەند
جا چونکی کوردی چاکە بۆ کوردان
شیعریش شیرینە لای زەوقی وردان
نووسیم بە کوردی کتێبێکی سووک
سادە و ئاسان بێ بۆ گەورە و بچووک
لەسەر عینوانی «بارانی ڕەحمەت»
چونکی لە دڵا ئەڕژێنێ حیکمەت
ئومیدە ببێ بە مایەی ئیحسان
وەکوو بارانی ئارامی نیسان
تەرتیبی وایە: یەک موقەددیمە
دوو بابی عومدە، ئینجا خاتیمە
لە پێش مەقسوودا ئەم موقەددیمە
لەبۆ چاوڕوونی گەلێ لازیمە
فیعلی موکەللەف «واجبە و حەرام
مەندووب و مەکرووە، مەباحە»، تەمام
«واجب» کردنی مایەی سەوابە
تەرکیشی مایەی قەھر و عەزابە
«حەرام» ئەوەیە تەرکی سەوابە
کردنی مایەی قەھر و عەزابە
«مەندووب» کردنی ئیحسانە و سەواب
تەرکیشی نابێ بە مایەی عەزاب
«مەکرووھ» تەرکەکەی ئیحسانە و سەواب
بیشی کەی نابێ بە مایەی عەزاب
«مەباح» تابیعی مەیلی ئینسانە
کردن و تەرکی ھەردوو یەکسانە