ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٨٨. دڵ ئەوا سووتا بە دووریت دەرد و دەرمانم وەرە
دڵ ئەوا سووتا بە دووریت دەرد و دەرمانم وەرە!
وەختە قرچەم تێ کەوێ بۆت ماھی تابانم وەرە!
بێ مەزەی عەننابی لێوت تاڵە و ئەوقاتم گەلێ
مەرھەمی زەخمی دەروون و قەلبی بوریانم وەرە!
ھێندە شێواوم بە مەرگت مەرگی خۆم جەژنە لە لام
شۆخی چین، دوڕڕی سەمین، لەعلی بەدخشانم وەرە
خواردنم خوێنا و زەھرە، بێ تۆ شادیم شیوەنە
یاری گوڵ ڕوخساری من، سالاری جوانانم وەرە
دڵ ئەوا بۆت کەوتە قەعری بەحری بێ پایانی خەم
واسیتەی تەفریحی قەلبی پڕ لە فیراقم وەرە
مەمکوژە توخوا بە ھیجران جوانە مەرگیشم مەکە
دەرد و دەرمانم بە خۆتە زوو کە لوقمانم وەرە
وەختە پەڕ دەر کەم لە دونیا دوور کەوم، بچمە سەما
تا لەدەس نەچووم دە سا دەی ماھی کەنعانم وەرە
ڕۆح و دڵ چاویان لە ڕێتە چاوەڕێی تەشریفی تۆن
یاری شەھ ڕە فتارەکەم دەرمانی زامانم وەرە
تەختەبەندی جێتە سینەم، بەردەبازی ڕێتە سەر
خاکی ژێری پێتە دیدەم، شۆخی دەورانم وەرە
گا و گەردوونت ئەکەم شیرین حەیاتی جاویدان
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە
وەک سەماوەر سینەکەی بۆ تۆ ئە جۆشێ شایقت
شەربەتی گیان! شۆخی چاو جوان! نووری ئیمانم وەرە!

پەراوێز edit