کۆیلەیەکم لانەواز و مات و داماو و حەزین
چاوەڕوانی ڕەحمەتی تۆم یا ئیلاھەلعالەمین
چیم ھەیە بیھێنمە حاجەت بۆ تکای ئەحواڵی خۆم
غەیری ڕووی ڕەش، مووی سپی، فرمێسکی دوو دیدەی نمین
چی بکەم؟ بۆ کوێ بچم؟ لای کێ سکاڵای خۆم بکەم؟
غەیری زاتی ئەقدەست کێیە موغیسی حائرین
وا پەنام ھێنایە بەر قاپی کراوەی ڕەحمەتت
ڕەببی سا چارم بفەرموو تۆی شەفیعی موزنیبین
بەشقی ئەو زاتەی شەوی ئەسرا گەیشتە بارەگات
سەروەری عالەم، محەممەد، پێشەوایی موڕسەلین
بەشقی ئەسراری عەزیمی ناوەکانی ئەعزەمت
بەشقی سۆزی ناو دەروون و ئەشکی دیدەی موتتەقین
بەشقی قورئانی کەریم و سڕی زاتی کیبریات
بەشقی ڕۆحی ئەنبیات و ئەولیا و ساڵحین
قەترەیەک لەو بەحری جوودەت کافییە بۆ حاڵی من
زەڕڕەیەکی عەفوی تۆ ئەمخاتە ناو خولدی بەرین
ڕەببی شاھۆ ھەر بە ھیوای عەتف و لوتف و جوودتە
چونکی ھەر خۆتی موغیس و تۆی موجیبی سائیلین