ھەزاران شوکری تۆ ڕەببی کە کوردێکی موسڵمانم
بە تۆ و پێغەمبەرانی تۆ و کەلامت زۆرە ئیمانم
بە دڵ بڕوام وەھایە ساحیبی ئەرز و سەماواتی
بەدەستی خۆتە گشت چەرخێ بەڕاستی وایە ئیزعانم
بەبێ فەرمانی تۆ نەبووە و نییە و نابێ شتێ بۆ کەس
بە ئەمری تۆیە بوون و ژین و مان و نووری چاوانم
ئیباحی نیم تەماعم بێ بە نامووسی کەس و کارم
لە لوتفی تۆوە دواکەوتووی ڕەوشتی فەخری ئینسانم
پەنام ھێنایە بەر قاپی بوڵندی زولجەلالی تۆ
بەزەییت گەر نەیەت پێما بە جارێ ماڵی وێرانم
ئەگەرچی ڕوو سیا و دەفتەر سیا و بەد خوو و گونابارم
ھەزاران تەوبە بێ ڕەببی! ببخشە جورم و عوسیانم
تەڵەب کارم لە ڕەحمی تۆ لە ڕێی دینا بە سەربەستی
نەجاتی دەی بە گورجی قەومی داماوی پەرێشانم
گرفتاری دەسیسەی کۆمەڵی تلمیزی شەیتانن
بە زاھێر مەڕ، کە چی وەک گورگی ھار کەوتوونە ناو ڕانم
گەلێ ڕێی کەوت و دەرفەت بوو لە دەسیان دا بە خۆڕایی
کە چی وەر ناگرن عیبرەت بە دڵ لەم حاڵە حەیرانم
بە نەسر و نەزم و گۆرانی، گەلێ پاڕایەوە شاھۆ
کە دواکەوتوو نەبن! یەک بن! بەڵام بێ سوودە ئەلحانم