ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٣٣. نەسیمی سوبحدەم قوربانتم وا دەس بە دامانم
نەسیمی سوبحدەم قوربانتم وا دەس بە دامانم
تەرەححوم کە بە حاڵم گیانەکەم وەک جاری جارانم
ئەزانی خۆت بە ئەحواڵم کە چیم پێ ھاتووە ئەمڕۆ
دەروونم چۆنە بۆ چ دائیم بە ناڵە و ئاھ و ئەفغانم
ئەگەر ڕێت کەوتە ماوای ئەو گوڵەی موو سونبولەم جارێ
بە فورسەت بەڵکە بێ دەنگێ، بەبێ ئاگای ڕەقیبانم
لەجیاتی من بچۆ عەرزی بکە چیت پێ ئەڵێم یەک یەک
بڵێ ئەی شۆخەکەی دڵ بەردی بێ ڕەحمی بە عینوانم
بڵێ ئەی دوڕڕی یەکتا! حوورەکەی بێ میسلی بێ ھەمتا!
بڵێ ئەی موو کەمەر! ڕوومەت قەمەر! سەروی خەرامانم!
بڵێ ئەی یاری چاو بەخوماری نازداری بە ئازارم!
بڵێ ئەی لەیلەکەی ڕوخ سێوەکەی لەب لەعلی ڕوممانم!
نەمامی نەو ڕەسیدەم! قووتی ڕۆحم! نووری دوو دیدەم!
فەرەح بەخشی دڵەی بیماری پڕ نیرانی بوریانم!
ئەرێ غونچە دەھەن! ناسک بەدەن! پڕ مەکر و فەن! گوڵ پیرەھەن!
ئەرێ سیمین زەقەن! گەردن بوڵەند! سالاری خوبانم!
ئەرێ ئەبرۆ ھیلالی چاو ڕەشی شیرین خەت و خاڵم!
چرای ماڵم! گوڵم! فێنکی دڵەی مەجرووحی ناڵانم!
لە گێژاوی خەما وا گێژ و سەرگەردان و بێ ھۆشم
لە داوی میحنەتا وێڵم، خەریکی شین و گریانم
دڵی بەردیش بە ئەحواڵم دەسووتێ ھێندە مەحزوونم
وحوشیش بۆم دەگریەن، ھێندە خەمبار و پەرێشانم
لە چۆڵی غوربەتا سەرسام و بێ ھۆشانە سەییارم
وەکوو مەجنوونی شەیدا، ڕۆحەکەم بۆ تۆ بە ئەفغانم
کزە و قرچە و پڕووزەی جەرگی سووتام لە دووریی تۆ
عەرەبسانی ھەموو پڕ کردووە جانا، بە ئیمانم!
لە تەئسیری ھەناسەی سەردی من بەغدا بووە کوێستان
شنەی بای ساردە بەفراوە لە حەوش و ژوور و کۆڵانم
بەڵام بێ تۆ ھەموو دونیام بەلاوە تەنگ و تاریکە
ئەگەر بچمە بەھەشتیش ھەر وەکوو مەحبووسی زیندانم
سەعاتێکم بە ساڵێکە لە دووریی قەددی لەولاوت
شەو و ڕۆژ بێ خەو و خۆراک و چۆڵ گەردی بیابانم
لە تەننووری فیراقا قوڵ ئەخۆم وەک مەنجەڵێ فڕنی
ئەوا خۆ بوو بە بوریانی دڵەی زامداری ھیجرانم
تەقی سەرچەشمەیی چاوم، ھوجومی کردە سەر بەغدا
نزیکە غەرقی کا یەک جار وەکوو لافاوی تۆفانم
بە ناشوکری نەبێ نەمدی لە موددەی عومرما ساتێ
بە خۆشی ڕابوێرم من لە خزمەت یاری چاو جوانم
گەھێ مەجنوون سیفەت چۆڵگەردی وادی غوربەتم گاھێ
وەکوو بولبول لە دووریی یاری گوڵ ڕەنگم غەزەل خوانم
ھەموو عومرم بە زایع چوو بە ئاھ و ناڵە و زاری
سەر و ماڵم بە ڕەحمەت چوو بە جارێ، ماڵی وێرانم
مەگەر ڕەحمی خوا یاریم بکا وەرنە بە مەرگی تۆ
مەحاڵە خاکی کوردستان ببینێ چاوی گریانم
تکەی خوێناوی چاوی شایقت جانا لە دووری تۆ
بەخوڕ دێ دائیمە و دەتکێتە دامان و گریبانم

پەراوێز edit