زیدی خۆش ھەوای خۆشی دڵگیرم
ئارامگای جەستەی باو و باپیرم
ئەوەند جێگیری لە دیدە و دڵما
مەحاڵە دەر چی ھەرگیز لە بیرم
مایەی سەبووری دڵەی خەمبارم
ڕووناکی دیدەی لێڵی خوێنبارم
دارووی نەخۆشی سەختی ھیجرانم
مەرھەمی سینەی ڕێشی زامدارم
***
کەژ و کێوەکەت دیارە لە دوور
برق و باقی دێ، وێنەی شوعلەی نوور
کۆشکی ناو چیا و باغچە و باخاتت
وەک بەھەشت پڕیە لە غیلمان و حوور
خاکە سوورەکەت تەڵای دەستە ئەفشار
بەردت زومڕووت و ئەڵماسی ئاودار
ئاوت وەک کەوسەر یا ئاوی حەیات
میوەت شیفا بەخش دەردی دەردەدار
***
وەتەن ئەی ھەر تۆی واسیتەی ژینم
مایەی نیشاتم ڕۆحی شیرینم
ھێزی دوو ئەژنۆ و قووەتی پشتم
پشتیوانی جوان سەختی نەخشینم
***
لانەی شێر کۆڵەی ڕۆڵەی پوڵنگت
ئەشکەوتی مەحکەم تاشراو لە سەنگت
جێگای ڕومبازی شۆڕە سوارانت
دەشتی گوڵ گوڵی سەد ھەزار ڕەنگت
شەکراوی شیرین سەرچاوەی کانیت
شنەی بای نەسیم سۆزەی بەیانیت
ئەو زیندەگی بەخش مردووی سەد ساڵە
ئەم فەرەح ئەفزای فرزەندی گیانت
***
یا خوا ئاوا بێ بە خۆشی و جوانی
بۆ ژینی ئێمە بە کامەرانی
پارێزگارت بێ یەزدانی عادل
چونکە تۆ دایەی نیشتمانمانی
***
دوژمنت دائیم ھەر سەرەوژێر بێ
چوار پەلی ئیفلیج، دوو دیدەی کوێر بێ
جگەری لەت لەت دڵی بە خوێن بێ
بە سەد سک برسی بە سکێ تێر بێ