ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٢٠. ھەسێرەی ھیوای سەربەستی بەشەر
ھەسێرەی ھیوای سەربەستی بەشەر
لە ئاسۆی توونس سەر ھاتەدەر
وەک سوفیدەی سوبح ڕووناکی بەیان
سوپای تاریکی زوڵمی دایە بەر
بە ورشەی شوعلەی پرشنگی جوانی
دونیای سەرانسەر گشت کرد مونەووەر
لە یومنی ئەو بوو دەستەی سوێن خواران
تاجی زەفەریان ھەموو نایە سەر
بۆیە وا تێکڕا ئازادی خواھان
نازی و فاشیستان لەوێ کردە دەر
ئەم بەری دەریای ناوەڕاست ھەمووی
پاک کرایەوە لە پیسی میحوەر
کەسێک تێ فکرێ بە عەقڵ و بە دڵ
لەم گوڕە و نەڕە و فیراری ھیتلەر
ھەر لە ڕۆژھەڵات ھەتا ڕۆژئاوا
وەک گای تاڵانی چۆن درانە بەر
تێ دەگا کە وا دەستەی سوێن خواران
نەجات دەھەندەی عالەم لە خەتەر
خۆ بە کوشت ئەدەن تا بەنی ئادەم
لە چاڵی زوڵمەت، بھێنرێنە دەر
پێویستە ئێمەش بە زمان و بە دڵ
بەڕاستی بگەین سوپاسی داوەر
بەقەدەر ھەموو دونیا و مافیھا
سوپاس بۆ زاتی تەنیای دادگەر
ھەر بژی ھێزی دەستەی دیمۆکرات
بۆ ڕزگار بوونی بەشەر لە زەرەر
بە بای فەنا چن نازی و فاشیستی
دەعبای ئادەم خۆر موجەسەمەی شەڕ
لە جەنگی جیھانیی دووەمدا
١٩٤٣/٦/١٤

پەراوێز edit