ئاڵەکۆک

عەباس حەقیقی add_a_photo
حەقیقی دیوانی حەقیقی
١٠. لە ئیمامی بۆ حەقیقی (١)
له ئەحواڵی 'ئیمامی' گەر دەپرسن چۆنه بێ ئێوە!
سەری سووڕماوه، لەم کوێستانەدا بێ‌هەمدەم و خێوە

بکەن ڕەحمێ به حاڵی، هەر بەحاڵ هێزی لەبەردایە
عەجایب گیری کرد لەم سەرزەمێنەی پڕ کەژ و کێوە

مەڵێن: کوێستانه جێگای، لێی‌گەڕێن قشڵاغ و بژوێنە
به ئینسان چی، که حەیوان تێر دەخوات و خەڵقی بێ‌شێوە!

ئەگەرچی گیاوگژی ئەم سەرزەمینه سەوز و تێرئاوە
بەڵام بۆ من له دووری ئێوه وشک و پڕ چڵ‌وچێوە

فیداتان بم، وەرن لوتفوو هەبێ، ڕۆژی هیلاکەتمە
نەیەن بێ‌نێونیشانم، بێنه لام هەر 'کامیل'م نێوە

مامۆستا عەبباس حەقیقی، دیوانی حەقیقی، چاپی دووەم (١٣٦٧ کـ. هـ)، لاپەڕە ١٦٩.
(لاپەڕە ٣٩٧ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)

وەڵامی حەقیقی بۆ ئاوات

'ئیمامی'! نامەکەی نامی گەیشت و نامه سەرچاوم
له دووری تۆ دەبارێ داییما فرمێسکی خوێناوم

بەبێ مانگی موبارەک لێم حەرامه چاوەکەم بێ تۆ
پڵاو و گۆشت و دۆڵمه و مەشکەفی و فڕنی و هەلیماوم

لەبەر ڕۆژوو نییه، دووری له دینی تۆیه گەر مردووم
ئەجەل دەورم دەدات، هیوای ویسالی تۆیه گەر ماوم

ڕەفیقانت له هیجرانت بەجارێکی هەموو سووتان
به ناری عیشقی پاکی تۆ، به تەنیا من نەسووتاوم

که فەرمووته: فیداتان بم، وەرن ڕۆژی هیلاکەتمە
چ حاجەت هات‌وچۆ بەینی من و تۆ، بۆیه داماوم

له قوللەی قەلبی یاران خەیمەیی نازت وەها هەڵدا
له خانەخوێ و له میوان، غەیری تۆ نایێته بەرچاوم

له ڕێگای عەشقی تۆدا ڕەهڕەوانت هیچی ناوەستن
هەموویان 'کامیل'ن وەک تۆن و هەر من سەر لەپێناوم

ئەگەر وابێ ئەوەی دۆستی 'حەقیقی' بێ لەبیر ناچێ
به قەولی 'کاعەزیز': بێت و نەیێ، پێڵاوی سەرچاوم

مامۆستا عەبباس حەقیقی، دیوانی حەقیقی، چاپی دووەم (١٣٦٧ کـ. هـ)، لاپەڕە ١٧٠.
(لاپەڕە ٤٠٠ ی چاپی جەعفەر؛ لە چاپی ئەنیسیدا نەهاتووە)
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit