لە من بۆچ زیزی عەمرم؟ چاوەکانم، ماھی تابانم
تەوێڵت بۆچی گرژە یا چ قەوماوە، چ تاوانم
لە پێشاپێشی تابووری موژەت، ھەر دوو برۆت کەچ بوو
دەڵێ بۆ تیپی عاشق زولفەقارە تیغی بوڕڕانم
کەمەندی زولفی خاوت چونکە بازووبەندی بازوومە
چ حاجەت چاو کەژاڵێ تا بە ئەفسوون بەستی دەستانم؟
ئەگەر لەیل و نەھاران ئاھ و ناڵەم خەوڕەوێنوو بێ
مەلامەت بەس بکەن چون من غەریب و خانەوێرانم
تەلەسمی گەنجی حوسنی تۆ، موعەممای عالەمی کۆنە
لە حەللی وی بەسەر چوو عومرم و ھێشتاکە ھەر جوانم
کە نەرمین باوەشی تۆ، بێشکەیە بۆ قەلبی مەجرووحم،
بە لەنجە لێی گەڕێ ساقی! ھەدادا توفلی گریانم
بەڵێ شەوقی کە کوردە، چاو بە خوێنە، قەت ھەدا نادا
بە خوێنی چاوەکانم سوور بووە چاکی گریبانم