ئاڵەکۆک

مستەفا شەوقی add_a_photo
شەوقی دەفتەری شیعری شەوقی
٦. لە تەئسیری فسوونی ڕۆژی تابان عالەمێ شووری
سبەینییەکی زوو، ھەوا سارد و ڕۆژ تازە سەری ھێنابووە دەرێ، گوندێکی ڕووخاو لە دوورەوە، سەحرایەکی واسیع دەنێودا، شەقامەڕێیەک بۆ لای ڕۆژئاوای دەڕۆیی، لە قەراغ ڕێگایەکی چۆمی بە خوڕ دەھات. ڕووی سەحرا بە گیای شین، کراسێکی مەخمەری لە بەر کردبوو، لەوێ کوردێکی جوان ھەیکەل، بە خەواڵوویی ڕاکشابوو، لەسەر سەری بە سیمایەکی ماتەمداری و بە جەبینی ئەسیلی دەردەدار، ژنێکی کوردی پیر بە ئەو مەقامانە خەریک بوو لە خەوی ھەڵستێنێ:
لە تەئسیری فسوونی ڕۆژی تابان عالەمێ شووری
مەگەر تۆ چاوەکانم میری کوردی ھێشتە مەخمووری
لە نازباڵنجی خەو ساتێ، ھەڵێنە سەر، تەماشا کە
لە مێرگۆڵان دەخوێنن بولبولی شەیدا بە ڕەنجووری
بەھار ھات و نەشەی بای وەعدەیە عومرم تەماشا کە!
لەبەر ماڵی وەسیعی موڵکی بابت دەنگی سەمتووری!
سەدای ھات و نەھات و دەنگی زەنگوڵ قۆری کاروانە
کە بارت کۆچی کرد و دەستەداوێن ھێشتە مەھجووری
چلۆن سەبرێ دەکەی، گەر یاری تۆ بدزن لە ماڵی تۆ
لەنێو بێگانەکان تەشھیر بکەن، نێو بەندی بەرمووری
ئەگەرچی سەبرێ سیس ھەروەک برایمۆکی وەبن ما بووی
کڕێوەی بەفری زستانێ، تەواو عومری بە سەربووری
وەکوو باپیرە گەورەت حیفزی نامووست لە سەر شەرتە
کە دایکت پیر و خوشکت مردوو، ماڵت چۆڵ و خاپووری
بە مسکینی مەڵێ دەستم بە زنجیری سەخت بەسترا
کە ئەو زنجیرە وەھمە و دەیپسێنی چونکە پڕ زووری
بەڵێ زنجیری دەستت جەھل و غەفڵەت بوو، ڕەقیبی تۆ
بە ئەفسوون بەستی قۆڵت، چونکە زانی مەست و مەسحووری
ئەوێستا تا لە بیخەی ڕۆژھەڵاتێ تاو ھەڵات ڕابە!
بە ئازایی نەجات دە دەستی بەستراوت کە مەغدووری
سەلاحی کاری تۆ سەعیە و عەمەل با بێ نیگەھبانت
بە ڕووناکی چرای عەزمت بڕۆ بۆ شاری شاپووری
دە ژینێ حەقی خۆت سابیت بکە بۆ یار و ئەغیاران!
بە دەسرە بستڕە فرمێسکی شەوقیی و چاوی بێ نووری
بەبێ تۆ کەلھوڕ و سۆران و موکری و موڵکی بابان زار
کە کیژی بەختیاری، چونکە مەستی ئەوڕۆ لێت تۆری
ھاواری دایکێ

پەراوێز edit