بەبێ تۆ عالەمی دڵ غەرقی دەریای یەئس و حیرمانە
تەماشاکە شەپۆل ئەوڕۆ چلۆن سەرڕێژی چاوانە
عەجەب تۆفان دەرە، حیسسی شەبابم ھەڵدەچێ دایم
لە قەلبی پڕ خرۆش ئەسرینی چاوم لەعلی ڕوممانە
دە (لە) ئافاقی ئەمەل ئەوڕۆ سەرابە وەسڵی تۆ دوورە
لە بۆیە فەلسەفەی ژینێ لە بۆ من بۆتە ئەفسانە
جوانی و نەشئە و شەوقی حەیاتم بێ تۆ بەربادە
بەھار ڕابرد و ھاوین ھات و پاییز، وەقتی زستانە
خولاسەی مەقسەدی من زولفی کاڵ بوو، بۆیە لێم گێژە
سەراپا فیکر و حیسسم میسلی زولفی خاوی جانانە
لە شەڕیان و وەریدی جیسمی فانی من وەکوو خوێنە
مەلالی چاوی مەخموورت دەکا دەوران و سەیرانە
بەڵێ ھەللاجم و ئەوڕۆ ئەسیری ڕەنگی بێ ڕەنگیم
بە سەودای تۆوە مەستم، چونکە چاوت داویە پەیمانە
ئەسیری حوسنی تۆ چون مەعکەسی ئەنواری لاھووتە
لە تاریکی وجوودی کونجی ناسووت ڕۆژی تابانە
چرای فکرم لەوێ دایم دەکاتن ئیقتیباسی نوور
میسالی پیری مەیخۆران لە جامی لەعلی مەیخانە
لە سەحران میرغوزاری عالەمی ئەرواحی عیللیین
شەھەنشاھی و خەیاڵی فکری سەربازیمە تاقانە
موحیتی من فەلەک بوو ئەوجی قودسییەت نیشانی دڵ
موننەزەھ بووم لە پابەندی فسوونی جیسم و خومخانە
کە تەقدیری ئەزەل وا ھات ئەسیری چاوی جادووت بم
دە سیجنی تەبعی جوانان ڕوحی پاکم بەندی زیندانە
چلۆن تەبعی بەشەر مەخلووقی خاکی پاکی تینەت بوو
ھوبووتی کردووە فکرم ڕوحم ھاتۆتە ھێلانە
لەنێو دنیایی خاڵی ھەڵبژاردی پاشی تەدقیقی
لە جەرگەی ئاسیادا مەئمەن و مەئوایی شاھانە
چەمەن شین و سەمەن خۆشبێن و دایم مەستی ئەزھارە
بە شاخ و داخ و چۆم و کانیەکان سەرتاقی ئێرانە
لەوێ دایم دەنۆشی بادەیی سەودا، سبەینان زوو
بە پیاڵە چاوی نیرگس بولبولی ئاشفتە حەیرانە
لەوێ تێرئاو دەبێ خولیای جوانی و ڕووحی غەمگینان
ئوفوولی ئەرغەوانی ڕۆژووی پاش مانگی تابانە
کە خاکی پاکی وی لانکە لە بۆ ئێسقانی باپیرمان
لەسەر قەبری جەوانان دیدەیی شللێرە گریانە
تەماشای ھەر قەدی دارێ مەکە ئەوڕۆ بە گیانسەختی
کە ئەو شینایە یادگاری قەدیمی دایکی کوردانە
لەوێ ئەوڕۆ بەبێ تۆ دەردەدارە دایکی سەرشێتت
بەبێ تۆ دەزگیرانت فاتە چاوجوان دیدە گریانە
ئەوێ موڵکی قەدیم و مەوتەنی ئەجدادی پێشووتە
بە مەردی! مەیڕووخێنە چون حەریمی موڵکی بابانە
بە عیلم و مەعریفەت تێرئاو بکە فکری جوانیت تا
دەگەڵ شەوقی بە جووتە موفتەفیق بن مەرد و مەردانە