ئاڵەکۆک

مستەفا شەوقی add_a_photo
شەوقی دەفتەری شیعری شەوقی
١. بۆچ دەناڵێنی لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە
بۆچ دەناڵێنی، لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە؟
لەشکری زولفت کە خاو و کاڵە بۆچ ڕووی گرتووە؟
ئاھی تۆ وەک بای سمووم وا ھات و قەلبی دادڕیم
ئەی فەلەک کۆستت کەوێ! ئەوجارە بۆ وات کردووە؟
چەندە مەحبووبە لەسەر ئەندامی سەروت جلکی ڕەش!
تۆ بە فرمێسکی خووێ، ئەو ڕەنگی ڕووت بۆ شوشتووە؟
ڕەنگی تۆ خۆ زەردە، زولفت کاڵە، قامەت مامەشی
یا لەنێو پایتەختی ڕۆمێ سوێسنە پشکووتووە
چاوەکانت کەیلی فرمێسکە لە تیژی ماتەمان
میسلی شوعڕای ئەوجی ئاسمانی سەحەر دەرکەوتووە
چارشێو و دەسماڵی تۆ، شەرحە لەبۆ تاریکی شەو
من لە عومرم مانگ لەنێو تاریکەشەو نەمبیستووە
دەست و پەنجەت چەندە نەرمە مەرھەمی دەردی دڵە
لێم گەڕێ با ماچی کەم، بەختی جوانیم خەوتووە
لێم گەڕێ ئەوڕۆ بە دەسماڵی حەریر بێم بستڕم
دانەیی مرواری فرمێسکت ھەتیو ھەڵکەوتووە
دابنێ سەر قەلبی زارم ئەو سەری پڕ جۆشی خۆت!
ھەم بە لای لایی دڵم بنوە زەمانی ھاتووە
قەلبی شەوقی چون حەریمی عیشقی جێی دیرینەتە
بۆچ دەناڵێنی، لەسەر لێوت لە بۆچ بار کەوتووە؟
لەبۆ ھاواڵی ماتەمدار

پەراوێز edit