ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٩٨. مافی خۆمە
مافی خۆمە، لێمگەڕێن با هەروەها بێچارە بم١
مەخسەرەی دۆم و دوڕاجی ئەم سەر و ئەو خواره بم

با، وەکوو کوێر و شەل و نوقسان و بێ‌ ماوە و هەژار٢
تاکوو دەمرم چاوەڕێی ئیحسان و پووڵ و پاره بم

بەو هەموو باری گوناهه، بوو جدەو پشتم، خودا!
تاوەکوو کەی دەست له ئەستۆی پیسی ئەو کرداره بم؟

کەی خەبەردارم دەکەی یا ڕەب به زەنگی مەرحەمەت؟
با بەس ئاخر موبتەلای ئەو شوێنه، ئەو ئاکارە بم

بەم هەموو تەبعه ڕەوانه، بەو هەموو هۆنراوەوە
چاکه نەبمه شوهرەیی ئافاق و هەر ئاواره بم٣

عاقڵی و ژیری و زرنگی ئێسته بێ‌مۆدن لە لام
باشه وەک مەجنوونی سەرگەردان و وێڵ، پەتیاره بم

مەمکەنه بەرموور لە بەرچاوان به دەنگ و باسەوە
با وه‌پشت گوێم خەن جوانان، لێم‌گەڕێن با گواره بم

نەچمه سەر چاو وەک برۆ، وا چاکه من بۆ ماوەیەک
هەروەکوو ڕیشێکی بێ‌ئیش، جوانه هەر لەو خواره بم

شەرته ڕازی عیشقی خۆم هەر هەڵگرم تا مردنم
با له قەبریش‌دا ئەمن سندووقی ئەو ئەسراره بم٤

تۆ که گۆت بردۆته دەر 'کامیل' له گوڵزاری ئەدەب!
حەقته فەرمووی: هەر ئەمن با شێتی ئەو گوڵزاره بم

١. هەردوو اپی ئەنیسی و جەعفەر: هەروەها
٢. چاپی جەعفەر: بێ چارە و هەژار
٣. چاپی جەعفەر: ئافاق، هەر ئاوارە بم
٤. چاپی ئەنیسی: ئەسڕاڕە بم
قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٥ و ١٦ ی چاپی ئەنیسی و ١١٠ و ١١١ ی دیوانی چاپی جەعفەر)

پەراوێز edit