گەر دەپرسی چۆنە 'کامیل' کاکە، دەردی کارییە
برسییە، بێ هێزە، گێژ و وێژە، کاری زارییە
ڕۆژ حەواسی پێ نییە، شەو خەستە و تەنبەڵ، دەڵێی
کۆڵەکێشیی کردووە، تاکوو سەحەر هاوارییە
وا بڵاو و دەرهەم و لەتلەت بوو وەک زولفی بوتان
فکر و ئەحواڵ و حەواسی عەینی تۆوی شارییە
غەیری کوندی ماڵ خراپ و وشکە سۆفی ڕیش درێژ،
کێ دەڵێ ئەم وەختە خۆشە؟ گەرچی ئەمری بارییە!
مام مەلاش، ڕەببی کوتوپڕ بێ! هەدادانی نییە
کاری هەر قوولە و هەرایە، ئەم سەر و ئەو خوارییە
خۆشییە لەو، چونکە مانگی خێرە، سەرفترەی هەیە
دەک بە زووخاوی ڕەشی بێ! هەر بە فکری زارییە
نان دەخۆم ئەمنیش بە قوززەڵقورتە، چا زووخاومە
گەر دەپرسی چۆن دەژی کامیل، ئەویش بێعارییە!