ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٣١. هەڵاڵە و بەهار
مەحبووبی نەوبەهاری من ئەوڕۆ هەڵاڵەیە
عوقدەی دڵم بە پشکوتنی وی حەواڵەیە

یاڕەب! گرێی دڵم بکەوە، گوڵ بپشکوێ
لەم مانگی ناوەڕاستی بەهار، لەم مەحاڵەیە

ئەم سەرزەمینی کوردە، کە جێگەی ژیانمە،
جێی نەرگس و وەنەوشە و شەوبۆ و ژاڵەیە

بولبول بخوێنێ، جەرگی کەوێ بەرگ و باری گوڵ١
شوێن، شوێنی بەرگی سۆێسن و هەڵاڵەی قەباڵەیە

هەر سەتری گەر وەدەرکەوێ، سەتحی ژیانییە
بۆ کوردەکانی ژیر و زرینگیش نواڵەیە

بولبول ڕەفیقی ساقییە لەم کاتی شادییە٢
ئەو، مەستی بۆی هەڵاڵەیە، ئەم مەستی پیاڵەیە!

لەم کاتە خۆشە، موڕتەجیعان بۆچی ناکەون
لەو فیکری هیچ و پووچ و درێژ و بەتاڵەیە!

هات بانەمەڕ، بەخێرێ بە سەد ڕەنگی تازەوە
دێنە درێ سپی و ڕەش و سوور و ئاڵەیە

هەر فیتەفیتی شوانە لەسەر پەرچە بۆ مەڕی
هەر قیژەقیژی بێرییە کە شوان بۆ لە ماڵەیە٣

کاکی قزڵجی! شیعری 'زرنگ' ناقیسە، بەڵام٤
تەکمیلی وان هەموو بە جەنابت حەواڵەیە

١. کرداری 'کەوێ' لە دەقەکەدا وەک 'کری' دەبینرێت. دڵنیا نیم دەبێ چی بێت. من بە گوێرەی کێشی شیعرەکە وەک 'کەوێ'م خوێندۆتەوە.
٢. لە دەقەکەدا وەک 'شادیە' هاتووە.
٣. لە دەقەکەدا وەک 'بو' نووسراوە.
٤. لە دەقەکەدا وەک 'ناقسە' هاتووە.
ناوەڕاست مانگی بەهاری ساڵی ١٣٢٥ ی هەتاوی
(گۆڤاری هەڵاڵە، چاپی بۆکان، ژمارە ٢، خاکەلێوەی ١٣٢٥ ی هەتاوی؛ لە چاپی ئەنیسی و جەعفەردا نەهاتووە)

پەراوێز edit